شارەزایەك هۆكاری دابەزینی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكات

:: PM:08:04:07/05/2025 ‌

نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار لە بازاڕە و بۆرسەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان رووی لە دابەزین كردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم لە كاتی داخستنی بۆرسەكان، لە بەغدا لە هەردوو بۆرسەی كیفاح و حارسییە، نرخی 100 دۆلار بەرانبەر بە 142.400 هەزار دینار بوو، لەوكاتەی لە بەیانی نرخەكەی 143.400 هەزار دینار بووە، شارەزایەك هۆكارەكەی روون دەكاتەوە.

نرخی دۆلار لە هەولێر گەیشتە 142.300 هەار دینار بۆ فرۆشتن و 142.100 هەزار دینار بۆ كڕین، لە بەغداش لە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو نرخی كڕین 141.500 هەزار دینار و فرۆشتن 143.500 هەزار دینار بووە، عەلا فەهد شارەزای دارایی و ئابووری لەوبارەوە دەڵێت، لە ماوەی داهاتوو نرخی دۆلار لە دابەزین بەردەوام دەبێت و جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕ لە نەمان نزیك دەبێتەوە. 

روونی كردەوە، بانكی ناوەندیی عێراق بە هاوكاریی بانكەكان زنجیرەیەك رێوشوێنی وەرگرتووە دیارترینیان دابینكردنی دۆلار راستەوخۆ بۆ كاری بازرگانی، ئەوەش وای كرد جیاوازیی نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و نرخی لە بازاڕ كەم ببێتەوە، جیا لەوە بەردەوامیی بانكی ناوەندی لە دابینكردنی دۆلار بۆ بازرگانی دەرەكی و فرۆشتنی بە رێكوپێكی بۆ بانكەكان، ئەوانە وا دەكەن نرخی دۆلار لە بازاڕ زیاتر داببەزێت و پێشبینی دەكەین بەمنزیكانە نرخی دۆلار لە بازاڕ بگاتە ئاستی نرخی فەرمی.

شایەنی باسە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار هەڵبەز و دابەزینی كرد، لەوكاتەی نرخی فەرمیی دۆلار بەرانبەر بە دینار بۆ هەر 100 دۆلار 132.000 دینارە، كەچی نرخەكەی لە بازاڕ لە نێوان 145.000 و 150.000 هەزار دینار بووە، هۆكارەكەشی چەند شتێك بوون، لەوانە حەواڵەی دەرەكی و كەمبوونەوەی متمانە بە ژمارەیەك بانك و كاریگەریی دەرەكی پێوەست بە سیاسەتەكانی سزادان و كۆتەكانی سەر هاتوچۆی دۆلار، بەڵام بەهۆی رێوشوێنەكانی دوایی بانكی ناوەندی، پێشبینی دەكرێت نرخی دۆلار زیاتر داببەزێت و جیاوازی نرخەكەی لە نێوان فەرمیی و بازاڕ زۆر كەم ببێتەوە یان نەمێنێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل