دكتۆر فازڵ نه‌بی بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی عێراق پێی وایه، به‌غدا به‌رده‌وام به‌دوای بیانوو ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی گرفت بۆ ھه‌رێمی كوردستان دروست بكات و پێشتر كێشه‌كه‌ی لیستی مووچه بوو، ئێسته داھاتی ناوخۆیه، بۆیه پێویسته ھه‌رێمی كوردستان ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ر بكات و رێگه نه‌دات به‌غدا چیتر بیانوو به ھه‌رێم بگرێت، چونكه دوو ساڵه ھه‌موو مانگێك به‌غدا به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مووچه‌خۆرانی ھه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له پارێزگاكانی خۆیشی ھیچ گرفتێكی نییه .
بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی حكوومه‌تی عێراق، به "وشه"ی راگه‌یاند، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت مانگانه ھاتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هاوشێوه‌ی ئه‌م مانگه دوا بكه‌وێت، بۆیه پێویسته له وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌و كێشه‌یه كۆتایی پێ بهێنن، چونكه ئێسته گرفتی لیست نه‌ماوه و گرفته‌كه ته‌نیا داهاتی ناوخۆیه.
ئه‌و ئاماژه‌ی دا ده‌بێ به‌پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئه‌و كێشه‌یه‌ش یه‌كلایی بكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیانووه‌شیان نه‌مینێت و مانگانه گرفت بۆ ھه‌رێم دروست نه‌كه‌ن، چونكه ئێسته تاكه بیانوویان داھاتی ناوخۆیه كه دوو ساڵه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌یه به‌غدا ده‌یه‌وێت گرفت له گه‌ڵ ھه‌رێم دروست بكات و ئه‌گه‌ر ئه‌و گرفته‌ش چاره‌سه‌ر كرا، ئه‌وكات پێویسته ھه‌رێم بڕیاری خۆی بدات.
به بۆچوونی فازڵ نه‌بی ''بابه‌ته‌كه به سیاسی كراوه و ده‌وروبه‌ری ئێمه ده‌یانه‌وێت گورزمان لێ بده‌ن و له‌گه‌ڵ ئێمه ڕاست نین، به‌ڵام پێویسته ئێمه زیره‌ك بین و خۆمان له‌و گرفتانه رزگار بكه‌ین، پێشتر به شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێمه‌یان ده‌كرد، ئێسته له رێگه‌ی برسیكردن و ئابووری ده‌یكه‌ن.''
وه‌ك بریكاری پێشووی وه‌زیری دارایی عێراق خستیه روو، خه‌ڵك ماندووه له‌وه‌ی به‌غدا ھه‌موو مانگێك ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، ھه‌رێمی كوردستانیش كارتی له به‌رده‌ستدا ھه‌یه و ده‌توانێت به‌كاری بێنێت، به‌ڵام ھه‌رێم ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی یاسایی ئه‌و گرفته به یه‌كجاری چاره‌سه‌ر بكات، چونكه به‌غدا به‌دوای ھه‌ر گرفتێكدا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه بۆ ھه‌رێم دروست بكات، بۆیه پێویسته ئێمه رێگریی له‌و بیانووانه بگرین .
هه‌ولێر\بڵند ئیبراھیم