كوردستان رەتی دەكاتەوە 700 ملیار دینار بۆ مووچە وەرگرێت

:: PM:01:43:09/05/2025 ‌
سەرچاوەیەكی باڵا لە حكوومەتی عێراق بە ماڵپەڕی "بەغداد یەوم"ی عێراقیی راگەیاندووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەتی كردووەتەوە 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم وەربگرێت "چونكە بەشی مووچە ناكات". 

چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای حكوومییەوە بڵاوییان كردووەتەوە، بەهۆی ئەو قەیران و كورتهێنانی تووشی بودجەی عێراق بووەتەوە، عێراق دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی 2023 لە پێدانی مووچە " 700ملیار دینار" مانگانە رەوان بكات و هەرێم خۆی تەواوی بكات، بەڵام لایەنی كوردستان بەمە رازی نین، چونكە سەرەتای ئەمساڵ رێككەوتن كراوە كە تەواوی پارە بۆ مووچە رەوانە بكرێت. 

ئەمڕۆ هەینی نۆی ئایار، ماڵپەڕی بەغداد یەوم لە زاری سەرچاوەیەكە بڵاوی كردووەتەوە، حكوومەتی هەرێم رەتی كردووەتەوە رازی بێت بە وەرگرتنی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی نیسان و مانگەكانی داهاتوو، داوای كردووە تەواوی بڕەكە بنێرێت كە زیاترە لە 957 ملیار دینار. 

وێڕای ئەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ هەیە كە پێویست دەكا مانگانە لەكات و ساتی خۆیدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی عێراق دابین بكرێت و چەندان رێككەوتنیش لە نێوان هەرێم و بەغدا كراوە وهەرێم تەواوی پابەندییەكانی خۆی جێبەجێ كردووە لە ناردنی لیستی مووچەیەكی بێ كەموكوڕی و لیستی میزان موراجەعە و ناردنی داهاتی نانەوتی، بەڵام دووبارە بەغدا بە دوو هۆكار پاشگەزبووەتەوە لە تەواوی رێككەوتنەكان. 

راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەهۆی نزمبوونەوەی بەهای نەوت ئێستە عێراق تووشی گرفتێكی گەورە بووە لە بودجە و كورتهێنانی هەیە، كە ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكان، هۆكارێكی تر بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنە و دەیانەوێت لەسەر حسابی كورد دەنگ زیاتر بە دەستبهێنن. 

شایەنی لە ساڵی رابردوودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لە دیمانەیەكی میدیاییدا رای گەیاند، راستییەك هەیە لە شەقامی عێراقیدا، كام لایەن زیاتر ببێتە بەربەست لە ناردنی مووچە و بودجە بۆ كوردستان، دەنگ زیاتر دەهێنێت.


وشە - پۆڵا مەحموود