ئابووریناسێك: به‌هاى دۆلار هێشتا داده‌به‌زێ له‌ نرخه‌ فه‌رمییه‌كه‌ى نزیك ده‌بێته‌وه‌

:: PM:06:31:09/05/2025 ‌
نه‌بیل مه‌رسوومى ئابووریناسى به‌ناوبانگى عێراق هۆكارى دابه‌زینى به‌هاى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینار دیارى ده‌كات و ده‌شڵێ، "به‌هاى دۆلار له‌ نرخه‌ فه‌رمییه‌كه‌ى نزیك ده‌بێته‌وه‌".

ئه‌مڕۆ هه‌ینى نۆى ئایار، نه‌بیل مه‌رسوومى ئابووریناسى عێراقى، باسى له‌ هۆكارى دابه‌زینى به‌هاى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینار كردووه‌ و له‌ لێدوانێكى ده‌ڵێ، "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دینار به‌رانبه‌ر به‌ دۆلار په‌یوه‌سته‌ به‌ چه‌ندان هۆكاره‌وه‌، به‌ڵام من پێموایه‌ گرنگترین هۆكار پێشكه‌وتنى دانوستاندنى ئێران و ئه‌مه‌ریكایه‌".

له‌ به‌شێكى ترى لێدوانه‌كه‌ى مه‌رسوومى پێشبینى كردووه‌، به‌هاى دۆلار له‌ دابه‌زین به‌رده‌وام بێت و له‌ نرخى فه‌رمى واته‌ هه‌زار و 320 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك نزیك ببێته‌وه‌. نه‌بیل ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر دانوستاندنه‌كان بگه‌ن به‌ رێككه‌وتنى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا ئه‌وا نرخى دۆلار له‌ بازاڕ زۆر له‌ نرخى فه‌رمى نزیك ده‌بێته‌وه‌".

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا نرخى 100 دۆلار بۆ 142 هه‌زار دابه‌زى، موزهیر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكارى سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق بۆ كاروبارى ئابوورى پێیوایه‌، چه‌ند هۆكارێكى تر بۆ دابه‌زینى به‌هاى دۆلار هه‌یه‌، له‌وانه‌ سه‌ركه‌وتنى بانكى ناوه‌ندى له‌ پاره‌داركردن و هاندانى بازرگانییه‌ بچووكه‌كان، ئاسانكارى بۆ گه‌شتیاران له‌ پێدانى دۆلار له‌ رێگه‌ى كارته‌وه‌. 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل