ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران رای گەیاند، عێراق تووشی كەمیی پارەی كاش بووەتەوە، چونكە لە كۆی 105 تریلیۆن دینار تەنیا 20 تریلیۆن دینار لە بازاڕ و لای حكوومەتی عێراقە، ئەوی تری كە 80%ی پارەی كاشی وڵاتەكەیە، لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەڵگیراوە و نایخەنە بازاڕەوە، بۆیە بۆ چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەی نەختینەیی، حكوومەت بەنیازە 10 تریلیۆن دینار چاپ بكات.
سەباح عەبدوڵا كە شارەزایەكی بواری بازاڕە، لەمبارەیەوە بە"وشە"ی راگەیاند، بازاڕەكانی عێراق بەهۆی كەمیی پارەی نەختینەوە رووبەڕووی كێشە بوونەتەوە.
گوتیشی، ئەو پارەیەی هەیە كەمتر لە 75% لە بازاڕدایە، بۆیە بازاڕەكانی عێراق و بازرگانان بەدەست كەمیی پارەوە دەناڵێنن.
بەبڕوای ئەو شارەزایە كەمیی پارەی بەرچاو لە بازاڕە بازرگانییەكاندا، بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی فایلە دراوییەكانە لە عێراقدا.
یاسای بانكی ناوەندی ژمارە 56ی ساڵی 2004، دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی دراوی و دارایی لە عێراق و كاركردن بۆ پاراستنی بەهای دیناری عێراقی بە بانكی ناوەندی بەخشی، بەهۆی ئەوەی ئابووری عێراق پشت بە هاوردە و هەناردەكردنی نەوتی خاو دەبەستێت، بەردەوام كێشەی پارەی نەختینەیی هەیە.
لە راپۆرتە ئابوورییەكاندا هاتووە، ئەو سەرچاوە تەقلیدییانەی كە بانكی ناوەندی عێراق پشتی پێ دەبەستێت، بریتین لە دانانی پارەی دانراوی بانكە حكوومییەكان و بانكەكانی كەرتی تایبەت، وەبەرهێنانی دەستە و دامەزراوە حكوومییەكان، فرۆشتنی دراو، هەروەها دەركردنی پارەی نەختینەی نوێ ئەگەر پێویست بكات.
د. نەرمین مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی كەمیی پارەی كاشەوە رای گەیاند، عێراق تووشی كەمبوونەوەی پارەی كاش بووەتەوە، چونكە لە كۆی 105 تریلیۆن دینار، تەنیا 20 تریلیۆن دینار لە بازاڕ و لای حكوومەتی عێراقە، ئەوی تری كە 80%ی پارەی كاشی وڵاتەكەیە، لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەڵگیراوە و نایخەنە بازاڕەوە.
شارەزایان قەبارەی ئەو پارە نەختینەیەی لە بەردەستی هاووڵاتییاندایە، بۆ ئەنجامی لاوازی متمانە بە كەرتی بانكی دەگێڕنەوە، زۆربەی ئەو پارانە لە ماڵەكان هەڵگیراون، ئەوەیش وایكردووە بازاڕ تووشی قەیرانی پارەی كاش ببێتەوە.