شارەزایەكی ئابووری: دوو ترلیۆن دینار لە بانكی ناوەندی هەولێر هەیە و بەغدا دەتوانێ‌ بۆ مووچە بەكاری بێنێت

:: PM:04:55:10/05/2025 ‌
شارەزایەكی ئابووری رای دەگەیەنێت، بەغدا دەتوانێ‌ ئەو دوو ترلیۆن دینارەی لە بانكی ناوەندیی لقی هەولێر هەیە، كە پارەی نەك یەك مانگی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە، بەڵكو بەشی مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمە بەكاری بێنن.

هەنگاو هاشم شارەزای ئابووری، بۆ "وشە" گوتی، هەركات نرخی نەوت دادەبەزێت و عێراق تووشی كورتهێنانی دارایی زیاتر دەبێت، گوشارەكان بۆ سەر حكوومەتی عێراق زیاتر دەبێت، لە ڕووی خەرجییەكان و باشتر كۆكردنەوەی داهاتەكان، ئەوەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، بەوپێیەی كە عێراق لە دۆخی ئاسایی هەندێ چاوپۆشی بكات، كاتێك فشارە ئابووری و داراییەكانی سەری زیاد دەبن، پێداچونەوە لەو چاوپۆشییانەی دەكات، ئەمەش وا دەكات ئاستەنگی دارایی سەر هەڵبدات لە ڕووی داهاتی نەوتی و نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها وا لە حكوومەتی عێراق بكات لەم ڕووەوە هەنگاوی نوێ بگرێتە بەر.

ئەو كە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی ژمێریاریی حكوومی و وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەیشی گوت، هەرێم مافی خۆیەتی داهاتە نانەوتییەكانی دەستی دەكەوێت نیوەی بۆخۆی ببات، بەڵام گوشاری تری سەر وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەیە كە ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دەفرۆشرێت.

هەروەها نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بە بیانوو دەزانێت، بە بەڵگەی ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا هۆكارەكەی بۆ نەبوونی سیولەی نەختینەیی لە عێراق گەڕێنرایەوە، بەڵام ئەگەر ئەوە بۆ بەغدایش ڕاست بێت، دەتوانێ‌ ئەو دوو ترلیۆن دینارەی لە بانكی ناوەندیی لقی هەولێر هەیە كە پارەی نەك یەك مانگی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمە، بەڵكو بەشی مووچەی دوو مانگی مووچەخۆرانی هەرێمە بەكاری بێنن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە زیاتر لە 20 رۆژە لیستی مووچە بەبێ‌ هیچ كەموكووڕییەك لە بەغدایە، بەڵام بەغدا مووچەی تەمویل نەكردووە و فەرمانبەرانی كوردستانیش 45 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.


وشە - وشه‌