ئەمەریكا و چین لەبارەی رسووماتی گومرگی رێك كەوتن

:: PM:11:09:11/05/2025 ‌


دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو بڕیاری دا بە سەپاندنی رسووماتی نوێی گومرگی لەسەر كاڵای هاتوو بۆ ئەمەریكا لە وڵاتانی دنیا، بەتایبەتی لە چین، ئەو هۆكارەكەی بۆ ناهاوسەنگی لە بازرگانی دەرەوە و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمەریكای گەڕاندەوە، بۆیە وڵاتان، لەوانەش چین دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن كرد بۆ رێگرتن لە كاریگەری زیاتری ئەو بڕٍیارە لەسەر ئابوورییەكەیان.

ئەمڕۆ جیمیسۆن گریر نوێنەری بازرگانیی ئەمەریكا رای گەیاند، لە گفتوگۆكان لەگەڵ چین لەبارەی ناكۆكی سەبارەت بە رسووماتی گومرگی گەیشتووین بە رێككەوتن، بڕیارە سبەی دووشەم وردەكاریی رێككەوتنەكە بێتە راگەیاندن.

هەرچی شاندی چینە كە خە لیفنگ جێگری سەرۆك وەزیرانی سەرۆكایەتیی دەكرد، هیچیان لەبارەی گفتوگۆ و رێككەوتنەكە نەگوت كە لە جێف بەڕێوە چوو، گریر دووپاتی كردەوە، بەهۆی كورتهێنانی گەورەی بازرگانی لەگەڵ چین كە دەگاتە 1.2 ترلیۆن دۆلار، مانگی رابردوو سەرۆكی ئەمەریكا دۆخی نائاسایی نیشتمانی راگەیاند.

لە دوای كۆبوونەوەكان كە دوو رۆژیان خایاند روونی كردەوە، ئێمە لەوە دڵنیاین لەوەی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ هاوبەشە چینییەكان پێی گەیشتین، بۆ كۆتاهێنان بەو دۆخە نائاساییە یارمەتیمان دەدات، لای خۆیەوە سكووت بیسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا كە وەك سەرۆكی شاندی ئەمەریكا لە كۆبوونەوەكان بەشدارە گوتی، پێشوەچوونێكی گەورەمان بە دەست هێنا.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل