ئه‌مڕۆ دووشه‌م هه‌فته‌یه‌كی نوێ له بازاڕی بۆرسه كرایه‌وه و له سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌می ئه‌و بازاڕه‌دا، نرخی نه‌وت به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشا و گه‌یشته به‌رزترین نرخ كه له‌وه‌ته‌ی 29ی نیسانی رابردوو تۆمار كرابێت. راگه‌یاندنی رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین له‌باره‌ی پێناسی گومرگی به گرنگترین هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های نه‌وت داده‌نرێت.
مانگی رابردووی نیسان بازاڕی نه‌وت بازاڕێكی خۆش نه‌بوو و گه‌وره‌ترین دابه‌زینی مانگانه‌ی له‌وه‌ته‌ی 2021 تۆمار كردبوو، نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت بۆ 59 دۆلار و 60 سه‌نت دابه‌زیبوو. هه‌فته‌ی رابردوو له ژێر كاریگه‌ریی ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین كه‌مێك به‌رز بووبووه‌وه و له نێوان 62 تا 64 دۆلار له هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زدابوو.
ئێسته هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت به 65 دۆلار و 55 سه‌نت ده‌فرۆشرێت، نه‌وتی تێكساس به 62 دۆلار و 74 سه‌نت و نه‌وتی ئۆپێك به 62 دۆلار و نۆ سه‌نت ده‌فرۆشرێت.
له مانگی نیساندا پرسی شه‌ڕی پێناسی گومرگیی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ وڵاتان به گشتی و چین به‌تایبه‌تی، زۆرترین كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر بازاڕی نه‌وت هه‌بوو و نرخه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ك نوێترین هۆكار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بازاڕه‌كه داناوه، ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه كه له زاری تره‌مپه‌وه راگه‌یه‌نرا و كۆتایی به جه‌نگی ئابووریی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین هێنا.
شه‌ڕی سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌ریكا و چین له‌باره‌ی پێناسی گومرگیی بوو كه مه‌ترسی بۆ سه‌ر گه‌شه‌ی ئابووریی دنیا دروست كردبوو، چاوه‌ڕوان ده‌كرا داخوازی بۆ كڕینی نه‌وت كه‌م ببێته‌وه.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی كۆتاهێنان به‌و جه‌نگه ئابوورییه، پێشبینی ده‌كرێ ئابووریی دنیا گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆیه‌وه ببینێت و بازاڕه‌كان پێویستیان به نه‌وتی زیاتر بێت، بۆیه‌ش به‌های نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه.