دوای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوودا سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی مانگای شیری له دھۆك كرده‌وه، ئێسته به‌رھه‌می شیری ئه‌و مانگایانه كه‌وتووه‌ته بازاڕ و بڕیاره پڕۆژه‌ی کاڤین فارم زیاتر فراوان بكرێت .
رێدیر سدقی به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ له پارێزگای دھۆك، به "وشه"ی راگه‌یاند، سه‌رۆكی حكوومه‌ت دوای ته‌واوبوونی پڕۆژەی کاڤین فارم، خۆی كردیه‌وه كه له‌سه‌ر رووبه‌ری هه‌زار دۆنم زه‌وی دروست كراوه، ئه‌ویش به‌خێوكردنی سێ ھه‌زار مانگای شیر و كارگه‌ی دروستكردنی به‌رھه‌می شیره‌مه‌نی و شوێنی چاندنی ئالیك بۆ مانگای تێدایه، ئێسته وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م ھه‌زار و 500 مانگایان ھێناوه كه مانگای فریزی پێ ده‌ڵێن و له ده‌ره‌وه ھاورده‌یان كردووه، رۆژانه ھه‌ر مانگایه‌ك 40 لیتر شیر به‌رھه‌میه‌تی و ئێسته به‌رھه‌می ئه‌و مانگایانه كه‌وتووه‌ته بازاڕی دھۆك .
ئه‌و گوتیشی، بڕیاره مانگاكان زیاد بكرێن بۆ سێ ھه‌زار مانگا و جگه له‌مه، هه‌ر له پڕۆژه‌كه‌دا گۆلكی نێر بۆ گۆشت به‌خێو ده‌كرێن و ئه‌وانه‌ی مێن بۆ مانگای شیری گه‌وره ده‌كرێن، بڕیاره په‌ره به پڕۆژه‌كه بدرێت و گه‌وره‌تر بكرێت كه یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌كانی ئاژه‌ڵداری له پارێزگای دھۆك .
به‌گوتی سدقی، حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان گرنگیی زۆر به كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌دات، ئێسته‌یش ئه‌و كه‌رته به‌رده‌وام له پێشچووندایه و بڕیاره ئه‌و پڕۆژه‌یه جگه له‌وه‌ی چه‌ندان جۆر به‌رھه‌می شیره‌مه‌نی به‌رھه‌م دێنن، شیری ئاژه‌ڵدارانیش وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رھه‌می ئه‌وانیش ساغ ببێته‌وه، ئێمه‌ش به‌رده‌وام پشتگیریی له‌و جۆره پڕۆژانه ده‌كه‌ین، چونكه له‌و پڕۆژه‌یه‌دا ته‌نیا كرێكار زیاتر له 200 كه‌س كاری تێدا ده‌كه‌ن، جگه له پزیشكی ڤێتێرنه‌ری و ئه‌ندازیار و پسپۆری جیاواز و به گشتی ئه‌م پڕۆژانه سوودێكی زۆریان ھه‌یه و ئێمه‌ش پشتگیری و ھاوكاریان ده‌بین .
هه‌ولێر\بڵند ئیبراھیم