"پێشبینی دەكرێ بەرهەمی برنجی دهۆك بگاتە 19 هەزار تۆن"

:: PM:09:00:13/05/2025 ‌
 
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی دهۆك رای گەیاند، ئەمساڵ لە پارێزگەی دهۆك زیاتر لە 19 هەزار دۆنم زەوی بە برنج چێنراوە و پێشبینی دەكەن بەرهەمی ئەمساڵی برنج لە پارێزگەكە بگاتە 19 هەزار تۆن، بەوپێیەی بەرهەمی هەر دۆنمێك تۆنێك دەبێت .

ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی دهۆك بە"وشە"ی راگەیاند، ساڵانە لە پارێزگەی دهۆك بڕێكی زۆری برنج دەچێنرێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی كەمبارانییەوە وەزارەتی كشتوكاڵ ئێمەی ئاگەدار كردووەتەوە كە ئاوی بیرەكان بۆ چاندنی برنج بەكار نەهێنرێت، بۆیە ئەمساڵ بەكارهێنانی ئاوی بیرەكان بۆ هەر بەرهەمێكی وەك برنج قەدەغەیە و رێگە نادەین بەكاری بێنن.

روونی كردەوە، بۆ ئەمساڵ لە هەموو شارۆكە و شارەدێكانی پارێزگەی دهۆك 19 هەزار و 95 دۆنم برنج چێنراوە و ئەگەر بۆ هەر دۆنمێك تۆنێك برنج بەرهەمی بێت، پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی برنج لە دهۆك بگاتە 19 هەزار و 95 تۆن برنج، كە بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمترە و پارساڵ 24 هەزار و836 دۆنم زەوی بە برنج چێنرابوو و بەرهەمەكەی گەیشتە 24 هەزار و 836 تۆن برنج .

بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی دهۆك ئاماژەی كرد، برنجی پارێزگەی دهۆك بەناوبانگە و لە هەموو هەرێمی كوردستان و دەرەوەش خواستێكی زۆری لەسەرە، بۆیە ساڵانە بەرهەمێكی زۆری برنج لە پارێزگەی دهۆك دەچێنرێت و هەموو بەرهەمەكەی لە بازار ساغ دەبێتەوە، بۆیە جووتیاران گرنگی بە چاندنی دەدەن  .

وشە/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل