حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ماڵان، پارەی كارەبا لە وەزارەت و فەرمانگە حكوومییەكانیش وەردەگرێت و دەڵێت، دەبێت لەو بودجەیە بیدەن كە مانگانە بۆ خەرجییەكان بۆیان دابین دەكرێت.
حكوومەتی هەرێم پلانی هەیە هەموو فەرمانگەكان وەك هەنگاوی یەكەم لەمەودوا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی، پێوەری زیرەكیان بۆ دابنێت و كیلۆوات بە كیلۆوات لەسەریان هەژمار بكات، دەبێ مانگانەش وەك ماڵان پارەی كارەبا بدەن.
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناكیی حكوومەتی هەرێم، هەر كیلۆواتێك بۆ فەرمانگەكانی حكوومەت بە 160 دینارە، نرخەكە جێگیرە و ناگۆڕێت، واتە وەك ماڵان نییە كە 400 كیلۆواتی یەكەم نرخێك بێت و 400ی دووەم گرانتر بێ، بۆ نموونە ئەگەر فەرمانگەیەكی حكوومەت مانگانە پێنج هەزار كیلۆوات كارەبا بەكار بهێنێت، ئەوا دەبێت مانگانە 800 هەزار دینار بدات.
ئەم هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم، مەبەست لێی كەمكردنەوەی بەفیرۆدانی كارەبایە لە فەرمانگە حكوومییەكان، تا چیتر ئەو هەموو سپلیتە لەسەر بانی فەرمانگەكان نەمێنێت كە رۆژانە كارەبایەكی زۆر بەفیرۆ دەدەن.