تا پێش كابینه‌ی نۆیه‌م، به گشتی 138 پڕۆژه‌ی ئاژه‌ڵداری له‌وانه‌ش قه‌ڵه‌وكردنی گۆلك و مانگای شیر له كوردستاندا هه‌بوون، به‌ڵام ئێسته ژماره‌كه 200 پڕۆژه‌یه و به رێژه‌ی 45% پڕۆژه‌كان زیادیان كردووه.
فیراس سدیق به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ئاژه‌ڵ له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، گرنگیی زۆری به كه‌رتی ئاژه‌ڵداری داوه و له كارنامه‌ی خۆیدا گرنگیی زۆری به‌كه‌رتی كشتوكاڵ داوه.
ئه‌و روونی كرده‌وه، ھه‌لی كار ره‌خساوه و له پێدانی مۆڵه‌ت به پڕۆژه‌كان ئاسانكاری كراوه، ئه‌وه‌یش وایكردووه كه‌رتی ئاژه‌ڵداری پێش بكه‌وێت، هه‌ر ئێسته له ھه‌رێمی كوردستاندا 500 ھه‌زار ئاژه‌ڵی بچووك و 250 ھه‌زار ئاژه‌ڵی گه‌وره هه‌ن كه پێشتر زۆر كه‌متر بوون.
به‌گوته‌ی فیراس سدیق، له ساڵی 2019دا 65 پڕۆژه‌ی قه‌ڵه‌وكردنی گۆلكیان ھه‌بوو به توانای 21 ھه‌زار و 46 سه‌ر، ئێسته ژماره‌ی پڕۆژه‌كان بۆ 109 پڕۆژه به توانای 97 ھه‌زار 979 سه‌ر زیادی كردووه، كه 65%ی پڕۆژه‌كان پێكدێنێت و به گشتی تواناكه 360% زیادی كردووه.
جگه له‌مه له مانگای شیر 73 پڕۆژه‌یان ھه‌بووه به‌توانای هه‌شت ھه‌زار و 239 سه‌ر، ئێسته ژماره‌ی پڕۆژه‌كان بووه‌ته 91 پڕۆژه به توانای 14 ھه‌زار و 609 سه‌ر كه 24% زیادی كردووه، به‌گشتیش توانای به‌رھه‌مھێنان 82% زیادی كردووه.
وه‌ك فیراس سدیق خستیه روو، به‌رده‌وام پڕۆژه‌ی تازه داده‌مه‌زرێنن، پێشتر به‌رھه‌می شیره‌مه‌نیی ناوخۆ نه‌بوو، به‌ڵام ئێسته به‌رھه‌می زۆریان له بازاڕدا ھه‌یه كه گرنگترینیان زووم و فارما و كاڤینن.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراھیم