پەرلەمانتارێك: نە بودجە و نە پڕۆژەی نوێ لە عێراق دەبێت

:: PM:06:01:18/05/2025 ‌

خەریكە دەگەین بە نیوەی ساڵی 2025 و لە كۆتایی ئەمساڵیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، كەچی تا ئێستە خشتە داراییەكانی یاسای بودجەی 2025ی عێراق نەگەیشتووەتە پەرلەمان بۆ پەسندكردن و بەركاربوونی، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات بۆ ئەمساڵ خشتەی داراییەكان رەوانە ناكرێت و هیچ پڕۆژەیەكیش جێبەجێ ناكرێت.

مستەفا گەعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات، هەر لە سەرەتاوە حكوومەتی عێراق لە رەوانەكردنی خشتە داراییەكانی یاسای بودجەی 2025 بۆ پەرلەمان و دەنگدان لەسەری رژد نەبوو، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پارە بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی بودجەكە لە پڕۆژەكان و هیتریش، بەتایبەتی كە تا ئێستە پارەی بودجەكانی 2023 و 2024ی خەرج نەكردووە، هەر بەهۆی كەمیی پارەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە، ماوەی چەند مانگێكە پەرلەمانی عێراق پەكی كەوتووە و پێم وا نییە لە چەند مانگی كەمی داهاتوو دانیشتن ساز بكات، بۆیە رەوانەكردنی خشتە داراییەكانی بودجەی 2025 بووەتە شتێك لە رابردوو و دەنگی لەسەر نادرێت، بۆ چەند مانگی داهاتووش تەنیا كار لەسەر دابەشكردنی مووچە دەكرێت، بێ ئەوەی هیچ پڕۆژەیەكی نوێ جێبەجێ بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل