500 ملیار دینار بۆ پارەی گەنم خەرج كرا

:: PM:01:39:25/06/2025 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیاری خەرجكردنی بڕی 500 ملیار دیناری تری بۆ پارەی گەنمی جووتیاران دا، پێدانی ئەو پارەیە جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 25ـی حوزەیران، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی، دەستی كرد بە دابینكردنی بڕی 500 ملیار دینار بۆ پێدانی سێیەم قیستی قەرزی جووتیاران بۆ دانەوێڵەی گەنم بۆ ساڵی 2025. 

دەشڵێت، ئەم هەنگاوە بەشێكە لە پابەندبوونی وەزارەت بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و دابینكردنی پارە، كە سەقامگیریی بارودۆخی جووتیاران مسۆگەر دەكات و هانیان دەدات بەردەوام بن لە چاندنی دانەوێڵەی ستراتیجی.

شوان عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی جووتیارانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی گفتوگۆی نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی بازرگانی، رێككەوتن كە ئەمساڵ بەخێرایی مافی جووتیاران بدرێت.

زیاتر گوتی، بە خەرجكردنی بڕە پارەی ئەمجارە، جووتیارانی كوردستانیش دەگرێتەوە، چونكە خەرجكردنی ئەو پارەیە بۆ تەواوی جووتیارانی كوردستان و عێراقە.

ئەمساڵ جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەتوانن بڕی 400 هەزار تۆن گەنم رادەستی عێراق بكەن.



وشە - رامیار جەواد