شارەزایەكی ئابووری ئاماژە دەكات كە فرۆشتنی دۆلار لە لایەن بانكی ناوەندیی عێراق لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵ دابەزیوە، ئەو وریایی دەدات كە ئەم دابەزینە لەوانەیە نیشانەیەكی سەرەتایی بێت بۆ چوونە ناو قۆناغی سستبوونی ئابوورییەوە.
مەنار عوبەیدی شارەزای ئابووری رای گەیاند، بەپێی ئامارە نوێیەكانی فرۆشتنی دۆلار لە لایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە كۆی گشتیی فرۆشتنی دۆلار لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 31.5 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، كە ئەوەش بە بەراورد بە هەمان ماوەی پارساڵ، كە 32.9 ملیار دۆلار بووە، بە بڕی نزیكەی 1.3 ملیار دۆلار دابەزینی تیادایە.
روونی كردەوە، دابەزینەكە بە شێوەیەكی سەرەكی لە فرۆشی دۆلاری كاشەوە بووە، كە بە رێژەی 17% پاشەكشەی كردووە و لە 1.55 ملیار دۆلاری ساڵی پارەوە بۆ 1.3 ملیار دۆلار بۆ ئەمساڵ كەم بووەتەوە، لە بەرانبەردا فرۆشتنی دۆلار بۆ حەواڵەی دەرەكی بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە 30.2 ملیار دۆلار.
عوبەیدی دووپاتی كردەوە، فرۆشی دۆلار بۆ دانەوەی پارەی كارتی ئەلیكترۆنی لە دەرەوە، لە یەك ملیار دۆلارەوە لە مانگی كانوونی دووەم، بۆ تەنیا 261 ملیۆن دۆلار لە مانگی ئایاری رابردوو دابەزیوە، هۆكارەكەشی بۆ رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی و كێشەی هەندێك بانك لە جێبەجێكردنی پرۆسەكە گەڕاندەوە.
ئاماژەی كرد، ئەم پاشەكشەیە لە فرۆشتنی دۆلار سەرەڕای دابەزینی نرخی دۆلار لە بازاڕدا، رەنگدانەوەی كەمبوونەوەی خواستە لەسەر بازرگانی و قەبارەی چالاكییە ئابوورییەكان، ئەوەش ئەگەری چوونە ناو قۆناغی سستبوونی ئابووری بەهێزتر دەكات.