ئەمڕۆ هەینی 29ی ئاب، نرخی دۆلار ناجێگیریی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بە گشتی بەرەو تۆمارکردنی دابەزینێک بە ڕێژەی 2% لە مانگی ئابدا دەچێت. هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە زیادبوونی ئەگەری کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمەریكاوە، هاوکات لەگەڵ نیگەرانییەکان لەبارەی دەستوەردانی دۆناڵد ترەمپ لە کاروباری بانکەکە.
فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریكا، بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی نەختینەیی وڵات و هەوڵەکانی بۆ دوورخستنەوەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی بانکەکە بە ناوی لیسا کوک، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دۆلار داناوە. ئەم ململانێ یاساییە نیگەرانییەکانی لەبارەی سەربەخۆیی بانکی ناوەندییەوە زیاتر کردووە.
بەپێی پێنوێنی (FedWatch)، بازاڕەکان ئێستا بە ڕێژەی 86% پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو ڕێژەی سوود کەم بکرێتەوە. بەهۆی ئەمەوە، پێنوێنی دۆلار کە نرخی دراوە ئەمەریكییەکە بەرانبەر شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت، بەرەو دابەزینێکی 2%ی مانگانە دەچێت و لە سەرەتای ساڵیشەوە نزیکەی 10%ی بەهای خۆی لەدەست داوە.
وەبەرهێنەران چاوەڕوانی ڕاپۆرتی خەرجییەکانی بەکاربردن دەکەن، کە پێوەرێکی سەرەکیی هەڵاوسانە بۆ بانکی ناوەندی و ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە.