د. نەرمین مەعرووف: هەرێم و بەغدا رێككەوتوون تا كۆتایی ساڵ هەموو مووچەكان دەدرێن و هیچی نافەوتێت

:: AM:09:48:15/09/2025 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، رەنگە ساڵی 2026 عێراق بودجەی نەبێت. دەشڵێت: بەگوێرەی دوایین سەرژمێری، پێویستە پشكی هەرێم لە بودجە %14.1 بێت .

د. نەرمین مەعرووف رای گەیاند، ئەنجوومەنی دەوڵەت تا رۆژی سێشەم رای خۆی لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات، پرسیش بە هەرێم دەكرێت و ئەندامیان بەشداریی كۆبوونەوەكان دەكەن، ئەگەر لەگەڵ شاندەكەی هەرێم نەگەیشتنە ئەنجام، خۆیان راپۆرتیان دەدەنە حكوومەت.

د. نەرمین مەعرووف گوتی، ئێوارەی دوێنێ كۆبوونەوەیەكی گرنگ و باڵا لە نێوان   حكوومەتی عێراق و هەرێم كراوە و وەزیرە كوردەكانی عێراقیش  ئامادە بوون لەو كۆبوونەوەیە، حكوومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە ئەو بڕە نەوتی خۆی بەرهەمی دەهێنێت، 50 هەزار بەرمیلەكەی بۆ هەرێم گل دەدەنەوە و ئەوی تری رادەستی سۆمۆ دەكەن، بەڵام بەمەرجی ئەوەی یەكڕاست تەمویلی مووچە دەست پێ بكات و داهاتی نانەوتی نەبێتە كێشە بۆ مووچە، عێراقیش بەوە رازی بووە.

د. نەرمین گوتی، هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم و ئێمەش لە بەغدا چڕ كراونەتەوە، راستە كەمتر كارەكان دەگەیەنرێتە میدیاكان، بەڵام هەرێم سوورە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی مووچە بەخێرایی و چارەسەری ریشەیی بۆ كێشە داراییەكان بكرێت.

هەڵوێست و نەرمی نواندنی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەیە، هیچ مووچەیەكی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێ و هەوڵی ئێمەش بۆ ئەوەیە، ئەگەر پرسی داهاتە نانەوتی و نەوتییەكان چارەسەر كرا، بەدڵنیاییەوە هەموو مووچەكان تا كۆتایی ساڵ خەرج دەكرێن.

د. نەرمین مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، پێشبینییەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە رەنگە ساڵی 2026 عێراق بودجەی نەبێت، ئەویش بەهۆی كۆمەڵێك كێشە و هەڵبژاردن كە لە ماوەی داهاتوو دەبێت بكرێت.

گوتیشی، بەگوێرەی دوایین سەرژمێری، پێویستە پشكی هەرێم لە بودجە %14.1 بێت”.

باسی لەوەش كرد، "ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت، مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە نەك خێر".



وشە - سۆران عەزیز