لە ماوەی دوایی گفتوگۆی رژد لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ كرا، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی رەشنووسی هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكانی كرد لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتەوە، شارەزایەك پێی وایە تاكە بەربەست كە ماوە داواكاریی گەرنتییە لە لایەن كۆمپانیا نەوتییەكان.
گۆڤەند شێروانی شارەزا لە بواری نەوت دەڵێت، كۆمپانیای سۆمۆ گرێبەست و پابەندییەكان لەگەڵ كۆمپانیا كڕیارەكانی نەوتی هەرێم تەواو كردووە، وەك رێخۆشكردن بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە چەند رۆژی داهاتوو، روونی كردەوە، تەواوكردنی ئەو گرێبەستانە، واتە سۆمۆ گرێبەستی لەگەڵ هەندێك لە كڕیاران كردووە بۆ بەبەزاڕگەیاندنی بڕێك نەوتی هەرێم.
ئاشكرای كرد، تاكە بەربەستی لە بەردەم پرۆسەكە ماوە بریتییە لەو گەرەنتییەی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە هەرێم لەبارەی چۆنیەتی رادەستكردنی شایستە داراییەكانیان داوای دەكەن، ئەوان مەرجی بوونی گەرەنتیی نووسراو بە رێككەوتنی سێ لایەنە لە نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا بیانییەكان داناوە، بابەتەكەش پێوەندیی بە میكانیزمی دان و وەرگرتنی پارەكەیان هەیە، ئەوە دوایین بەربەستی بەردەم دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمە.
ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دووتوێی راپۆرتێكدا، وردەكاریی دوا پێشنیازی هاوبەشی هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی خستە روو سەبارەت بە پەلەكردن لە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم، كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند كرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو، لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، پەسەند كرا و رەوانەی بەغدا كرا.
بە پێی ئەم لەیەكگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێكردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا، كە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات (جگە لە بڕی بەكارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناغەش لەسەر واژووكردنی رێككەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانووستانەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە و وا چاوەڕوان دەكرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو رێككەوتننامە گەڵاڵە بكرێت.
تا كاتی واژۆكردنی رێككەوتننامەی سێقۆڵیش، هەرێمی كوردستان بەشەنەوتی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكات، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتییەكان و شاندی دانوستانكاری راسپارد، رێكاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حكوومەتی فیدراڵیش لە بەرانبەردا پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بكات.