سەرچاوەیەك: مووچەی مانگی تەمووزی هەرێم ئامادەیە و چاوەڕوانی رێككەوتنی كۆتاییە

:: PM:07:43:17/09/2025 ‌

ئێستە هەوڵێكی رژد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە نێوان هەرێم و عێراق هەیە، ئەگەرچی كێشەكان زیاتر سیاسین، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەوڵی تەواوی بۆ رێككەوتن و دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت و رێككەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی داوە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مووچە، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات پارەی مووچەی مانگی تەمووزی هەرێم لە بەغدا ئامادەیە.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیوەم"ی راگەیاند، ئێستە سیولەی دارایی تایبەت بە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی تەمووزی رابردوو هەیە و ئامادەیە بۆ رەوانەكردن و خەرجكردن، بەڵام چاوەڕوانی رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراقە بۆ تەمویلكردنی، ئەوەش لە بەرانبەر پابەندبوونی هەرێم بە چەند مەرجێكی دیاریكراو.

سەرچاوەكە روونی كردەوە، مەرجەكان بریتین لە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە ماوەی 48 سەعات و چارەسەركردنی دۆسیەی داهاتی نانەوتی و قبووڵكردنی چارەسەری یاسایی كە لە ئەنجوومەنی شورای دەوڵەتەوە لەوبارەوە دەردەچێت، كە بڕیارە سبەی پێنجشەم ئەنجوومەنەكە بڕیاری خۆی بدات. 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و تاوتوێی دوا پێشهاتەكانی دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەكان و مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم و میكانیزم و رێكارەكانی جێبەجێكردنی پابەندیی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە، حكوومەتی هەرێم هەموو پابەندییە دەستوورییەكانی بە زیادەوە جێبەجێ كردووە و هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ نەهێشتنی ئەو كێشە و بەربەستە تەكنیكییانەی كراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە رێگر لە بەردەم خەرجكردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە مافێكی یاسایی و رەوای خۆیانە مووچەكانیان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دووپاتی كردەوە كە ئیتر لە بەرانبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەمووز و ئابی ساڵی 2025ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەكانی تری عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەك هاوتاكانیان لە حكوومەتی فیدراڵ، تەواوی مووچەكانیان لە كاتی خۆی وەربگرن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل