پەرلەمانتارێكی عێراق بەفیڕۆدانی بڕێكی زۆری سامانی دەوڵەت ئاشكرا دەكات

:: PM:09:37:18/09/2025 ‌

عێراق لە ناو چەندان تەنگژەی قووڵی دارایی و ئابووریدایە و بەرپرسانی باسی هیچ ناكەن، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە كەمیی سیولەی دارایی لە عێراق هەیە، بەهۆی كەمیی داهاتی نەوت و بەفیڕۆدانی زۆری سامانی گشتی.

موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بەهۆی كەمیی داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە، كەمیی سیولەی دارایی هەیە، بۆیە پێویستە قەبارەی داهات، بەتایبەتی نانەوتی زیاد بكرێت، قەبارەی داهاتی نەوتی 120 تریلیۆن دینارە و داهاتی نانەوتی ساڵانەش ناگاتە ئاستی 13 تریلیۆن دینار، كە دەبێت بڕەكەی زیاتر لە 20 تریلیۆن دینار بێت، ئەگەر كۆی داهاتی وڵات بگاتە 140 تریلیۆن دینار بەشی خەرجییەكان دەكات.

وەك كازمی ئاماژە دەكات پێویستە داهاتی ساڵانەی نانەوتی لە عێراق بگاتە ئاستی 20 تریلیۆن دینار، لەوكاتەی گەنجینەی دەوڵەت شەش تریلیۆن دینار لە دەستەی باج و حەوت تریلیۆن دیناریش لە دەستەی گومرگ و سێ تریلیۆن دینار لە دەستەی راگەیاندن و پێوەندییەكان، جیا لە داهاتی وەزارەتەكانی ناوخۆ و كارەبا و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانی و ئەمینداریەتی بەغدا كە پێنج تریۆلیۆن دینارە وەردەگرێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ بوونی خەرجیی ناپێویست و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی كرد و دووپاتی كردەوە كە پێویستە پارەی خەرجكراو لە پڕۆژەكان زیادەڕۆیی تیادا نەكرێت، بۆ نموونە سێ تریلیۆن دینار لە دروستكردنی قوتابخانەیەك خەرج دەكرێت، لەوكاتەی خەرجیی پێویست ملیارێك و 250 ملیۆن دینارە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل