نرخەكانی زێڕ ئەمڕۆ هەینی لە بەرزبوونەوەی بەردەوام بوو، ئاستی 4300 دۆلاری تێپەڕاند و بەرەو تۆماركردنی باشترین ئەدای هەفتانەی خۆی دەڕوات لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا. ئەمەش لە كاتێكدایە كە زیادبوونی گرژییە بازرگانییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین و زیادبوونی هیواكان بۆ كەمكردنەوەی نرخی سوودی بانكی ئەمەریكی، بوونەتە هۆی بەهێزبوونی كانزا بەنرخەكە.
تا سەعات 00:40 بە كاتی گرینچ، نرخی زێڕ لە مامەڵە ڕاستەوخۆكاندا 0.9% بەرزبووەوە و گەیشتە 4364.79 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك، ئەمەش دوای ئەوەی ئاستێكی پێوانەیی نوێی بە 4378.69 دۆلار تۆمار كرد. كانزاكە ئەم هەفتەیە تا ئێستا 8.7% بەرزبووەتەوە، كە بە باشترین ئەدای هەفتانەی دادەنرێت لە ئەیلوولی 2008ـەوە.
هاوكات، پێوەرى دۆلار بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە هەفتەیەكدا دابەزی، ئەمەش وای كرد زێڕ بۆ هەڵگرانی دراوەكانی تر هەرزانتر بێت. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە 65%ی تێپەڕاندووە، پاڵپشتیی لە گرژییە جیۆپۆلەتیكییەكان، پێشبینیی بەهێز بۆ كەمكردنەوەی نرخی سوود، كڕینی لەلایەن بانكە ناوەندییەكانەوە و كەمبوونەوەی پشت بەستن بە دۆلار وەرگرتووە.
دۆخی بازاڕەكان بەهۆی گرژیی بازرگانیی نێوان ئەمەریكا و چینەوە كاریگەر بووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەكین، واشنتنی بە دروستكردنی "دڵەڕاوكێ" تۆمەتبار كرد سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنی كانزا دەگمەنەكان.
سەبارەت بە كانزا بەنرخەكانی تر، زیو 0.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 53.97 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك. پلاتین 0.4% بەرزبووەوە و گەیشتە 1719.55 دۆلار و پلادیۆمیش 0.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 1622.67 دۆلار.