قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بەرەو كۆتایی دەچێت

:: AM:11:45:18/10/2025 ‌
قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر كارەكانی بەرەو تەواوبوون دەچێت، لە قۆناغی دووەمدا سێ‌ بۆڕی گەورەی دەكەوێتە كار و دیوی ناوەوەی شەقامی 120 مەتری هەولێر تێدا سوودمەند دەبن، ئەو سێ‌ بۆڕییە بە تیرەی 1200 ملم و دوو بۆڕی 800 ملم دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی تشرینی یەكەم، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، كارەكانی پڕۆژەی ئاوی فریاكەوتنی هەولێر بەرەو كۆتایی دەچێت و لە مانگی 11دا تەواوی پڕۆژەكە دەكەوێتە كار.

زیاتر گوتی، پڕۆژەكە لە كاتی تەواوبوونی دەتوانێت رۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا لە 24 سەعات، واتا 20 هەزار مەتر سێجا لە سەعاتێك، كە ئەمەش دەبێتە گەورەترین پڕۆژە لەسەر ئاستی كوردستان، ئێستە تێستی كۆتایی بۆ دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، قۆناغی یەكەم لە 15ـی تەمووز تەواو بوو كە توانای پێدانی 35%ـی ئاو بووە، ئەمەش وایكرد 40 گەڕەكی هەولێر و بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی دارەتوو و بنەسڵاوە و كەسنەزان تێدا سوودمەند بوون، لەگەڵ ئەو گەڕەكانەی بە گەڕەكە بێ‌ ئاوەكان ناسراو بوون.

دەشڵێت، قۆناغی دووەم لەناو مانگی 11دا تەواو دەبێت، لە شەقامی 120 مەتری بۆ ژوورەوە ئاو دەدات كە سێ‌ هێڵی جیاوازی بە تیرەی هەزار و 200 ملم و دوو هێڵی 800 ملیم دەبێت، بە ئاراستەی عەنكاوە بۆ شەقامی كۆیە و لە شەقامی 120 مەتری بۆ ژوورەوە و دەرەوە دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئامانجیانە هەزار بیر لە كاتی بەگەڕخستنی پڕۆژەكە دابخرێن، یان بكرێنە حاڵەتی فریاگوزاری بۆ حاڵەتی پێویست بەكار بهێنرێن.

هاوكات لە قۆناغی یەكەمدا 250 بیر بۆ بەكارهێنان و دەرهێنانی ئاو راگیران، ئێستە 300 بیری تر ئامادە كراون بۆ راگیران لە بەرهەمهێنانی ئاو، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، دوای رێكخستنەوەی بۆڕییەكانی ئاو، ئیتر ژمارەی بیرە داخراوەكان یان وەستانیان لەكار دەگاتە هەزار بیر.

لە هەشتی ئەیلوولی 2024 لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر دانرا.

پڕۆژەكە بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار، لە ماوەی كەمتر لە 550 ڕۆژدا جێبەجێ دەكرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە،‌ كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە ڕێژەی 100% چارەسەر دەبێت.

پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ڕۆژێكدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هەر سەعاتێك 20- 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەكەكانی شاری هەولێر دەنێرێت. پڕۆژەكە بە چوار هێڵی سەرەكی لە نێوان گەڕەكەكانی نێوان شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەكرێت؛ كە گەڕەكەكانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەكان و هەریەك لە گەڕەكەكانی دارەتوو، بنەسڵاوە، كەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحركە، عەنكاوە و سێبیران لێی سوودمەند دەبن.

پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پڕۆژەكە لە زێی گەورە دەست پێ دەكات و پاككردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەكە و فلتەركردن و كلۆركردنی‌ ئاوەكە، بە ستانداردی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و عێراقی جێبەجێ دەكرێت.

لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، 200 كیلۆمەتر بۆڕیی سپایرۆڵ بەكار دێت، 280 كیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملم و 220 ملم و 250 ملم بۆ بەستنەوەی پڕۆژەكە بە گەڕەكەكانی شاری هەولێر بەكار دێت. ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بە تەواوی بۆ گەڕەكانی شاری هەولێر دەنێرێت.




وشە - رامیار جەواد