تەڵەیەكی نوێ بۆ خانەنشینان: بانكی ناوەندی هۆشدارییەكی توند دەدات

:: PM:10:42:18/10/2025 ‌
ئەمڕۆ شەموو  بانكی ناوەندیی عێراق هۆشدارییەكی توندی دا بە هاووڵاتیان بەگشتی و توێژی خانەنشینان بەتایبەتی، سەبارەت بە هەوڵی قۆڵبڕین كە ڕەنگە ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

بانكەكە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، هاووڵاتیان، بەتایبەتی توێژی خانەنشینان، ئاگادار دەكاتەوە كە مامەڵە لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێكدا نەكەن كە خۆیان وەك فەرمانبەری بانكی ناوەندی دەناسێنن یان بانگەشەی نوێنەرایەتیكردنی دەكەن و داوای زانیاریی تایبەت یان بەڵگەنامەی فەرمی وەك ناسنامەی خانەنشینی یان زانیاریی دارایی دەكەن.

بانكی ناوەندی دووپاتی كردەوە، كە هیچ دامەزراوەیەكی داراییی مۆڵەتپێدراو داوای زانیاریی تایبەت بە كارت، هەژمار یان داتای دارایی لە هاووڵاتیان ناكات. هەروەها قەرز پێشكەش ناكات یان داوای بەڵگەنامە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یان پێوەندیی تەلەفۆنییەوە ناكات.

هۆشداریشی داوە كە هەر داواكارییەكی لەم جۆرە بە هەوڵێكی قۆڵبڕین و فێڵكردن دادەنرێت كە ئامانج لێی بەكارهێنانی هاووڵاتیان و دزینی زانیارییەكانیانە.
بانكی ناوەندی دووپاتی لەسەر پێویستیی "نەدانی هیچ زانیارییەكی تایبەت یان دارایی بە هیچ لایەنێكی نافەرمی كردووەتەوە و داوا دەكات دەستبەجێ هەر پێوەندی یان نامەیەكی گوماناوی لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانی بانكی ناوەندی یان لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەكانەوە ڕابگەیەنرێت."


وشە - پۆڵا مەحموود