قەرزی ناوخۆیی عێراق گەیشتووەتە 91 تریلیۆن دینار و لە ئاستێكی مەترسیداردایە

:: PM:04:16:19/10/2025 ‌

عێراق داهاتێكی زۆری نەوتی هەیە، بەڵام دیار نییە چۆن خەرج دەكرێت، بەتایبەتی ئەمساڵ بودجەی نییە و تا ئێستە حكوومەتی عێراق خشتە داراییەكانی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، نە پڕۆژە و نە بوجەی وەبەرهێتنان و نە دامەزراندن و سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە هیچی نییە، ئەوەی هەیە قەرز و كورتهێنانێكی زۆر و هەڵاوسان و دابەزینی نرخی نەوت و كەمیی سیولەی داراییە، پەرلەمانتارێك وریایی لە زیادبوونی قەرزی ناوخۆیی دەدات.

ئەحمەد شەرمانی پەرلەمانتاری عێراق وریایی لە كاریگەرییەكانی زیادبوونی خێرای قەبارەی قەرزی ناوخۆیی لە عێراق دا كە گەیشتووەتە 91 تریلیۆن دینار، ئاماژەی كرد، هەنگاونان بەو ئاراستەیە بێ چاكسازیی راستەقینەی دارایی، هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووری دەكات و توانای دەوڵەت بۆ دابینكردنی خەرجیی پەرەپێدان لاواز دەكات.

روونی كردەوە، زیادبوونی قەرزیی ناوخۆیی بەو شێوەیە، رەنگدانەوەی پشتبەستنی حكوومەتە بە سەرچاوەی دارایی ناوخۆیی لە رێگەی بانكە حكوومەتییەكان و بانكی ناوەندییەوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، ئەوەش گوشار دەخاتە سەر سیستمی بانكی و توانای كەرتی تایبەت بۆ دەستكەوتنی پارەی پێویست بۆ كاری بەرهەمهێنان لاواز دەكات. 

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە كە قەرزكردنی ناوخۆیی ئەگەرچی مەترسیی لە قەرزی دەرەكی كەمترە لە رووی سەروەریی داراییەوە، بەڵام لەسەر ئاستەكانی ناوەند و درێژخایەن كاریگەریی نیگەرانكەری هەیە، لەوانە كەمكردنەوەی یەدەگی دراو و زیادبوونی تێكڕای هەڵاوسان، بەتایبەتی ئەگەر پارەكە لە چاپكردنی پارەی بێ گەرنتیی دارایی بێت، مەترسیدارترین شت لە زیادبوونی قەرزی ناوخۆیی بوونیەتی بە بارگرانییەكی جێگیر لەسەر بوزدجە، لە رێگەی زیادبوونی سوودی سەر قەرزەكە، لەوكاتەی ئابووریی نیشتمانیی عێراق خۆی بەدەست لاوازیی جۆراوجۆربوون دەناڵێنێت و نیوچە پشتبەستنی بە تەواوەتی بە داهاتی نەوت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل