ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی حكوومی دابەش دەكەن زیاد دەكرێن

:: PM:07:43:20/10/2025 ‌
بڕیار وایە لە سبەینێوە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر، ژمارەی ئەو بەنزینخانە حكوومیانە زیاد بكات، كە لیتری بەنزین بە 750 دینار دەفرۆشن. 

ئێستە لە 16 بەنزینخانەی سنووری پارێزگای هەولێر بەنزینی حكوومی دابەش دەكرێت، بەڵام "وشە" زانیویەتی لە سبەینێوە ژمارەی ئەو بەنزیخانانە بۆ سەرووی 20 بەنزینخانە زیاد دەكرێت، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە بەنزینخانەكاندا كەم بكرێتەوە.

نەوت و كانزاكانی هەولێر زانیارییەكانی "وشە"یان پشتڕاست كردەوە و رایان گەیاند، بڕیاری زیادكردنی ژمارەی بەنزینخانەكان كە بەنزینی حكوومی دابەش دەكەن دوای ئەوە هات، لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژانە تەنیا لە 16 بەنزینخانە، بەنزینی 750 دیناری دابەش دەكرا.

زیادكردنی ئەو بەنزینخانانە كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلییەكانیش دەبێت، كە ئێستە لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بە 900 دینار دەفرۆشن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم