راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایس"ی ئەمەریكی تیشك دەخاتە سەر تەواوبوونی پڕۆژەی زیادكردنی بەرهەمی كێڵگەی غازیی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان بەر لە هەشت مانگ لەو وادەی بۆی دیاری كرابوو، كاتێك توانرا بەرهەمی ئەو كێڵگە 50% زیاد بكرێت و بگاتە 750 ملیۆن پێی سێجا لە رۆژێك، كە ئەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا و گەشەی پیشەسازی لە هەرێم زیاد دەكات، جیا لە زیادكردنی توانای پێدانی كارەبای زیاتر بە عێراق.
ئەمە و گرووپی كۆمپانیاكانی
هیلالی ئیماراتی بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای دانە غاز كە لە هەرێم كار دەكات، توانیان پڕۆژەی پەرەپێدان و فرەوانكردنی كێڵگەی غازیی كۆرمۆر تەواو بكەن، كە بە گەورەترین كێڵگەی غاز لە عێراق دادەنرێت و كەوتووەتە پارێزگای سلێمانی، بە بەهای 1.1 ملیار دۆلار بەر لە هەشت مانگ لە وادەی دیاریكراو بۆ تەواوبوونی پڕۆژەكە.
ماجد جەعفەر سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای هیلال دەڵێت، تەواوكردنی پڕۆژەكە بەر لە وادەی بۆی دیاری كراوە، دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەردوو كۆمپانیای هیلال و دانە غاز و هابەشەكانمان لە یەكێتیی پیرل، ئەو دەستكەوتە دووپات لە پابەندیی بەردەواممان بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەكات و توانای ئێمە بۆ وەبەرهێنان لە سەرمایە زۆرەكەی لە وزە پێشان دەدات، هاوكات پابەندیمان بە دابینكردنی هەلی كار و باشتركردنی خزمەتگوزارییە ناوخۆییەكان و دابینكردنی وزەی پاكتر و بە متمانەتر بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دەردەخات.