بێ ئاوی وایكرد حكوومەتی عێراق كۆتایی بە بەخێوكردنی ماسی بێنێت

:: AM:08:59:22/10/2025 ‌
بێ ئاویی وای لە حكوومەتی عێراق كرد بڕیاری قەدەغەكردنی حەوزی ماسی لە باشووری وڵاتەكە بدات. وەزارەتی كشتوكاڵیش رای گەیاند، ئیتر مۆڵەتی حەوزە قوڕاوییەكانی بەخێوكردنی ماسی نوێ ناكاتەوە.

بێ ئاویی بەجۆرێك كارگەرییەكانی لەسەر عێراق دەركەوتووە، لە هەندێك ناوچە خەڵك بەكۆمەڵ كۆچ دەكەن، ژیان لەو ناوچانەی سەتان ساڵە تێیدا نیشتەجێبوون ئەستەم بووە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری قەدەغەكردنی بەخێوكردنی ماسیی لە حەوزە قوڕاوییەكان دا، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ بەفیرۆنەدانی ئاو.
 
بەگوێرەی بەیاننامەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیران رۆژی سێشەم 21ی تشرینی یەكەم، چەند بڕیارێكی تایبەت بە دۆخی ئاو لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور پەسند كرد، كە كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر ژینگە و ئابووریی ناوچەكە دەبێت."
 
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، "وەزارەتی كشتوكاڵ چیتر مۆڵەتی حەوزە قوڕاوییەكانی بەخێوكردنی ماسی نوێ ناكاتەوە، ئەم بڕیارە لە 21ی تشرینی دووەمی 2025ەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، تێكدانی زیاتر لە دوو هەزار و 100 حەوزی نایاسایی بەخێوكردنی ماسی، تەنیا لە باكوری بەغدا ڕاگەیاند. چیرۆكی تێكدان و لابردنی حەوزە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی لە عێراق، مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە. پاڵپشت بە ڕاگەیەنراوە فەرمییەكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو، تەنیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەزاران حەوزی نایاسایی لە سەرانسەری عێراق، تێكدراون و ئەمەش كێشەی بۆ سەر بژێوی سەتان خێزان و سامانی ماسی  دروست كردووە.
 



وشە - سۆران عەزیز