بازاڕی زێڕ پەرێشانە

:: AM:11:54:22/10/2025 ‌
ماوەی چەند رۆژێکە بازاڕی زێڕ شێواوە و لەپڕ بەهاکەی بە رێژەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوە و بەپێچەوانە دادەبەزێت ئەمەش وای کردووە بازاڕەکە و هەموو ئەو کەسانەی لەو بازاڕەدا وەبەرهێنان دەکەن بشڵەژێن و بە پارێزەوە مامەڵە بکەن.

تا 16ی ئەم مانگە زێڕ بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە بوو و رۆژ نەبووە بەهای زێڕ لەگەڵ رۆژێک پێشتر بەرز نەبووبێتەوە. بەرزترین نرخ کە تا ئەو کاتە تۆمار کرابێت بریتی بووە لە چوار هەزار و 380 دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک.

لە چەند رۆژی رابردوودا بازاڕی زێڕ کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و جگە لەوەی کە بەهاکەی دابەزیوە لە هەمان کاتدا رۆژانە لە هەڵبەز و دابەزینێکی زۆردایە.

بۆ نموونە ئەمڕۆ چوارشەم 22ی تشرینی یەکەم نرخی هەر ئۆنسێک زێڕ تا نزیکەی چوار هەزار دۆلار دابەزی و هەر ئەمڕۆ بەرزبووەوە بۆ چوار هەزار و 200 دۆلار و ئێستەیش لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئۆنسێکی بە چوار هەزار و 93 دۆلار دەفرۆشرێت.
کۆمەڵێک هۆکار هەن کە وایان کردووە بازاڕەکە بەم شێوازە ناسەقامگیر بێت کە گرنگترینیان پێوەندی بە رووداوە سیاسییەکان لە لایەک و ئەو ململانێیە ئابووری و بازرگانییەوە هەیە کە لە نێوان ئەمەریکا و چین لە ئادارا بووە. هەندێک جار هەواڵی خۆش لەبارەی ئەوە بڵاو دەکرێنەوە کە پێوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بەرەو هێوربوونەوە دەچن کە کاریگەرن لە نزمکردنەوەی بەهای زێڕ و هەندێک جاریش لەپڕ باس لەوە دەکرێ ئەمەریکا سوورە لەسەر سەپاندنی باجی 100%ی بەسەر بەرهەمەکانی چین و لەو کاتەشدا ترس و دڵەڕاوکێ لە خستنەڕووی کانزا گرانبەهاکان لە بازاڕەکان دێتە کایەوە و دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

هۆکارێکی تر پێوەندیدارە بە پرسی سوودی بانکی لای بانکە ناوەندییەکان بە تایبەتی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا، لەبەر ئەوەی حکوومەتی ئەمەریکا لەبەر بێ بودجەیی داخراوە، بانکی ناوەندیی وڵاتەکە راگەیاندنی بڕیاری نوێ لەبارەی رێژەی سوودی بانکی دوا خستووە.

لەسەرەتای ئەم مانگەدا دابەزاندنی رێژەی 0.25% لە سوودی بانکی هۆکار بوو لەوەی نرخی زێڕ زیاتر بەرز ببێتەوە و ئێستەیش زیاتر ئەو ئەگەرە لە ئارادایە کە بانکەکە رێژەکە زیاتر دابەزێنێت.

لە لایەکی ترەوە هەندێک بانکی ناوەندیی وڵاتانی تر بە پێچەوانە رێژەی سوودی بانکییان بەرز کردووەتەوە کە کاریگەرە لە دابەزاندنی بەهای زێڕ.

شەڕ و ململانێ و جەنگ و ئەو هۆکارانەی کاریگەرن لە ناسەقامگیریی بازارەکان دەبنە هۆی بەرز کردنەوەی بەهای زێڕ و راگەیاندنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگ و ناکۆکییەکان راستەوخۆ کاریگەرن لەوەی بازاڕەکان هەست بە دڵنیایی زیاتر بکەن و وەبەرهێنەران کەمتر روو لە کڕینی زێڕ بکەن کە لەو کاتەدا نرخەکەی دادەبەزێت.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێت کە زێڕ لە  سەرەتای ئەمساڵەوە بەردەوام رووی لە هەڵکشان بووە و لەسەرتای ئەمساڵەوە بەراورد بە ئەمڕۆ هەزار و 500 دۆلاری هاتووەتە سەر .

بەگوێرەی نوێترین نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەولێر هەر مسقاڵێک زێڕی  عەیار 21 بە 843 هەزار دینار، عەیار 18 بە 724 هەزار دینار و عەیار 24 بە 963 هەزار دینار دەفرۆشرێت و هەر 100  دۆلاریش بە 141 هەزار و 200 دینار دەستنیشان کراوە.



وشە - سلێمان تاشان