هه‌فته‌ی رابردوو بۆرسه‌ی زێڕ بۆ یه‌كه‌م جار له دوای نۆ هه‌فته به ره‌نگی سوور داخرابوو و به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له نرخه‌كه‌ی دابه‌زیبوو، ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی هه‌فته‌بازاڕی بۆرسه، جارێكی تر نرخه‌كه‌ی دابه‌زی و 41 دۆلار له هه‌ر ئۆنسێك كه‌می كردووه.
نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ به چوار هه‌زار و 111 دۆلار داخرابوو، به‌ڵام ئێسته به چوار هه‌زار و 80 دۆلار ده‌فرۆشرێت، هه‌رچه‌نده له به‌ره‌به‌یان ته‌نانه‌ت تا خوار چوار هه‌زار و 60 دۆلاریش دابه‌زیبوو. له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوودا نرخه‌كه‌ی چوار هه‌زار و 374 دۆلار بوو، به‌و پێیه ئێسته به‌راورد به ئه‌وكات نزیكه‌ی 300 دۆلار له نرخی هه‌ر ئۆنسێكی كه‌می كردووه. نرخی زێڕ له ماوه‌ی نۆ هه‌فته پێشتر هه‌زار دۆلار گرانتر بووبوو. به‌رزترین نرخی زێڕ كه تا ئێسته تۆمار كرابێت، بریتی بووه له چوار هه‌زار و 380 دۆلار بۆ هه‌ر ئۆنسێك.
نوێترین و گرنگترین هۆكار كه وایكردووه نرخی زێڕ زیاتر دابه‌زێت، پێوه‌ندیی به هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین بۆ كۆتاهێنان به جه‌نگی ئابووری و ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن هه‌یه. له ئه‌گه‌ری رێككه‌وتندا بازاڕه‌كان گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن و وه‌به‌رهێنه‌ران سه‌رمایه‌كانیان بۆ كه‌رتی تری ئابووری و بازرگانی راده‌گوێزن.
ئه‌و رووداوانه له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا بازاڕی زێڕ په‌رێشان ببێت، چونكه هه‌ندێك جار هه‌واڵی خۆش له‌باره‌ی ئه‌وه بڵاو ده‌كرایه‌وه كه پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین به‌ره‌و هێوربوونه‌وه ده‌چن، كاریگه‌رن له نزمكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ، هه‌ندێك جاریش له‌پڕ باس له‌وه ده‌كرێ ئه‌مه‌ریكا سووره له‌سه‌ر سه‌پاندنی باجی 100%ی به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی چین، له‌و كاته‌شدا ترس و دڵه‌ڕاوكێ له خستنه‌ڕووی كانزا گرانبه‌هاكان له بازاڕه‌كان دێته كایه‌وه و ده‌بێته هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ.
هۆكارێكی تر پێوه‌ندیداره به پرسی سوودی بانكی لای بانكه ناوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌ر بێ بودجه‌یی داخراوه، بانكی ناوه‌ندیی وڵاته‌كه راگه‌یاندنی بڕیاری نوێ له‌باره‌ی رێژه‌ی سوودی بانكی دوا خستووه.
له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا دابه‌زاندنی رێژه‌ی 0.25% له سوودی بانكی هۆكار بوو له‌وه‌ی نرخی زێڕ زیاتر به‌رز ببێته‌وه، ئێسته‌یش زیاتر ئه‌و ئه‌گه‌ره له ئارادایه كه بانكه‌كه رێژه‌كه زیاتر دابه‌زێنێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ندێك بانكی ناوه‌ندیی وڵاتانی تر، به پێچه‌وانه‌وه رێژه‌ی سوودی بانكییان به‌رز كردووه‌ته‌وه كه كاریگه‌ره له دابه‌زاندنی به‌های زێڕ.
شه‌ڕ و ململانێ و جه‌نگ و ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌رن له ناسه‌قامگیریی بازاڕه‌كان، ده‌بنه هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ، راگه‌یاندنی ئاشتی و كۆتاهێنان به جه‌نگ و ناكۆكییه‌كان راسته‌وخۆ كاریگه‌رن له‌وه‌ی بازاڕه‌كان هه‌ست به دڵنیایی زیاتر بكه‌ن و وه‌به‌رهێنه‌ران كه‌متر روو له كڕینی زێڕ بكه‌ن كه له‌و كاته‌دا نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 833 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 714 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به 952 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت و هه‌ر 100 دۆلاریش به 140 هه‌زار و 700 دینار ده‌ستنیشان كراوه.