نرخی زێڕ له ژێر كاریگه‌ریی هه‌واڵه ئه‌رێنییه بازرگانییه‌كان له دنیادا به‌تایبه‌تی هێوربوونه‌وه‌ی بارگرژییه بازرگانییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین، له دابه‌زیندایه و ئه‌مڕۆ سێشه‌م له دووه‌م رۆژی هه‌فته‌بازاڕی بۆرسه، نزمترین نرخی له ماوه‌ی 18 رۆژی رابردوو تۆمار كرد.
هه‌فته‌ی رابردوو بۆرسه‌ی زێڕ بۆ یه‌كه‌م جار له دوای نۆ هه‌فته، به ره‌نگی سوور داخرابوو و به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له نرخه‌كه‌ی دابه‌زیبوو، به‌ڵام له دوێنێوه كه بازاڕه‌كه كراوه‌ته‌وه زیاتر دابه‌زیوه. نرخی ئێسته‌ی ئۆنسێك زێڕ به‌راورد به سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو 430 دۆلار دابه‌زیوه.
نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ ئێسته به سێ هه‌زار و 945 دۆلار ده‌فرۆشرێت، له كاتێكدا له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو نرخه‌كه‌ی چوار هه‌زار و 374 دۆلار بوو، به‌رزترین نرخی زێڕ كه تا ئێسته تۆمار كرابێت، بۆ 20ی ئه‌م مانگه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌ر ئۆنسێكی گه‌یشته چوار هه‌زار و 380 دۆلار .
كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن كه وایانكردووه به‌های زێڕ كه‌م ببێته‌وه، هه‌رچه‌نده كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌می بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا بۆ دیاریكردنی رێژه‌ی سوودی بانكی زۆر چاره‌نووسسازه، پێشبینی كراوه كه بانكه‌كه رێژه‌ی سوودی بانكی 0.25%ی تر كه‌م بكاته‌وه كه له‌و كاته‌دا كاریگه‌ره له به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ، ده‌كرێ هۆكار بێ له‌وه‌ی نه‌هێڵێت نرخی زێڕ له‌مه زیاتر دابه‌زێت. له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا دابه‌زاندنی رێژه‌ی 0.25% له سوودی بانكی هۆكار بوو له‌وه‌ی نرخی زێڕ زیاتر به‌رز ببێته‌وه.
نوێترین و گرنگترین هۆكار كه وایكردووه نرخی زێڕ زیاتر دابه‌زێت، پێوه‌ندیی به هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین بۆ كۆتاهێنان به جه‌نگی ئابووری و ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن هه‌یه. له ئه‌گه‌ری رێككه‌وتندا بازاڕه‌كان گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن و وه‌به‌رهێنه‌ران سه‌رمایه‌كانیان بۆ كه‌رتی تری ئابووری و بازرگانی راده‌گوێزن. له‌لایه‌كی تره‌وه به‌های دۆلاریش به‌رز بووه‌ته‌وه كه هۆكاری راسته‌وخۆیه له دابه‌زاندنی به‌های زێڕ.
هه‌فته‌ی رابردوو بازاڕی زێڕ زۆر شێواو بوو دیار نه‌بوو به چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات، به‌ڵام ئه‌م هه‌فته‌یه زیاتر رووی له دابه‌زینه، هه‌فته‌ی رابردوو هه‌ندێك جار هه‌واڵی خۆش له‌باره‌ی ئه‌وه بڵاو ده‌كرایه‌وه كه پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین به‌ره‌و هێوربوونه‌وه ده‌چن كه كاریگه‌ر بوون له نزمكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ، هه‌ندێك جاریش له‌پڕ باس له‌وه ده‌كرا ئه‌مه‌ریكا سووره له‌سه‌ر سه‌پاندنی باجی 100%ی به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی چین، له‌و كاته‌شدا ترس و دڵه‌ڕاوكێ له خستنه‌ڕووی كانزا گرانبه‌هاكان له بازاڕه‌كان ده‌هاته كایه‌وه و ده‌بووه هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ندێك بانكی ناوه‌ندیی وڵاتانی تر، به پێچه‌وانه‌وه رێژه‌ی سوودی بانكییان به‌رز كردووه‌ته‌وه كه كاریگه‌ره له دابه‌زاندنی به‌های زێڕ.
شه‌ڕ و ململانێ و جه‌نگ و ئه‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌رن له ناسه‌قامگیریی بازاڕه‌كان، ده‌بنه هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ، راگه‌یاندنی ئاشتی و كۆتاهێنان به جه‌نگ و ناكۆكییه‌كان راسته‌وخۆ كاریگه‌رن له‌وه‌ی بازاڕه‌كان هه‌ست به دڵنیایی زیاتر بكه‌ن و وه‌به‌رهێنه‌ران كه‌متر روو له كڕینی زێڕ بكه‌ن كه له‌و كاته‌دا نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێت.
ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌واڵی ئه‌وه بڵاو ببێته‌وه كه ئه‌مه‌ریكا و چین به هیچ رێككه‌وتنێك نه‌گه‌یشتوون و تره‌مپ بچووكترین هه‌ڕه‌شه له چین بكات، بازاڕی زێڕ هه‌ڵده‌كشێت و پێچه‌وانه‌كه‌یشی هۆكاره له‌وه‌ی نرخی زێڕ له دابه‌زین به‌رده‌وام بێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 790 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 677 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به 902 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت و هه‌ر 100 دۆلاریش به 140 هه‌زار و 700 دینار ده‌ستنیشان كراوه.