حكوومەتی هەرێم كار بۆ ئەوە دەكات ئەمساڵ هیچ مووچەیەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەفەوتێت. بەپێی زانیارییەكان، ئامادەكاری بۆ ناردنی 120 ملیار دیناری مانگی نۆ دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری بۆ كۆكردنەوە و ناردنی 120 ملیاری داهاتی ناوخۆی مانگی نۆ دەست پێ كردووە.
پێشتر سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی راسپاردبوو كە كاری یەكەمی وەزارەتەكە ئامادەكردنی 120 ملیارەكە بێت بۆ ئەوەی هەموو مووچەكانی ئەمساڵ بدرێت.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئێستە وەزارەتی دارایی ئامادەكارییەكانی بۆ ئامادەكردنی 120 ملیارەكە دەست پێ كردووە، بەنووسراو داوای لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك كردووە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە پارەكە حازر بكەن.
بەپێی ئامادەكارییەكانی وەزارەتی دارایی، هەفتەی داهاتوو 120 ملیارەكە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دێتە ناردن و حكوومەتی هەرێمیش بەرژدی لە پێوەندیدایە تا پێش هەڵبژاردن مووچەی مانگی نۆ دابەش بكرێت.