10 هەزار و 600 دۆنم باخی هەنار لە هەڵەبجە هەیە و 30 هەزار تۆن بەرهەمیان دەدەن

:: PM:12:08:30/10/2025 ‌
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە رای گەیاند، ئەمساڵ هەنار هەناردەی دەرەوە ناكرێ و هەمووی لە ناوخۆ دەفرۆشرێت، فێستیڤاڵەكەش یارمەتیدەر دەبێت تا رێژەیەكی زۆری هەنار بفرۆشرێت.

ستار مەحموود بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە رای گەیاند، ئەمساڵ هیچ بازرگانێك دەستپێشخەری نەكردووە بۆ ئەوەی هەنار هەناردەی دەرەوە بكەین، بەڵام پێ دەچێت هەموو بەرهەمەكە بەشی ناوخۆ بكات و فێستیڤاڵی هەڵەبجەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی سنوورەكە.

باسی لەوەش كرد، هەناری ساڵەخانی باشترینە بۆ ئەوەی بتوانین هەناردەی دەرەوەی بكەین، ئێستەش باخەوانەكان گرنگیی تەواو بە هەناری ساڵەخانی دەدەن.

فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دەستی پێ كرد. ئامادەكارێكی فێستیڤاڵەكە دەڵێت، لە 650 دوكاندا، هەنار و هەموو بەرهەمە خۆماڵییەكان و كاری دەستیی خراوەتەڕوو. پێشبینیش دەكات 300 هەزار كەس سەردانی فێستیڤاڵەكە بكەن.
 
ئەمساڵ 11ـەیەمین ساڵە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت. ئەم خولەی فێستیڤاڵ هاوشێوەی پار لە پارك و شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوە دەچێ، ئامادەكارییەكان لەلایەن لیژنەیەكی باڵای چوار كەسییەوە سەرپەرشتی كراون.
 
لە فێستیڤاڵەكەدا شیرەمەنی، هەنگوین و خۆراكە وشكەكان دەفرۆشرێن و مەرج ئەوەیە هەموویان خۆماڵی بن. بەهۆی فێستیڤاڵەكەوە ئەمڕۆ لە هەڵەبجە كراوەتە پشووی فەرمی، بڕیارە سبەی و دووسبەی بەردەوام بێت.

 بەگوێرەی ئاماری رێكخەرانی فێستیڤاڵەكە، پار 285 هەزار و پێرار 270 هەزار سەردانیكار و گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەنار و پایزەی هەڵەبجەیان كردووە، بەگوێرەی پلانەكان، ئەمساڵ چاوەڕێ دەكەین ژمارەكە 300 هەزار كەس تێپەڕێنێت."

 بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 80 هەزار تۆنە كە نزیكەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.

لە مانگی ئاداری 2022 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەستپێشخەریی هەناردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ڕاگەیاند، ئامانجی سەرەكیی پڕۆژەكە دۆزینەوەی بازاڕ بوو لە وڵاتانی كەنداو، هاندانی كەرتی تایبەت و بەرزكردنەوەی ناوبانگی بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستی دنیا.

ساڵەخانی یەكێك لە جۆرە باشەكانی هەنارە و زۆرینەی جووتیارانی هەڵەبجە ئەو جۆرە هەنارە دەچێنن، خاكی پارێزگاكەش گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی.

ساڵەخانی، بە تامێكی تایبەت و رەنگی سووری ئاڵ و دەنكە گەورەكەی ناسراوە. لە فێستیڤاڵی هەنار، ساڵەخانی چاوی زۆری لەسەرە و زۆربەی سەردانیكاران بەشێكی زۆری لێ دەكڕن.

جێگەی ئاماژەیە بەپێی ڕاگەیەنراوی كشتوكاڵی هەڵەبجە، لە پارێزگاكەدا 10هەزار و 600 دۆنم باخی هەنار هەیە، كە نزیكەی دوو هەزار و300 جووتیار كاری تێدا دەكەن.





وشە - سۆران عەزیز