ئەمڕۆ هەینی 31ی ئۆكتۆبەر  لە مامەڵە سەرەتاییەکانی بازاڕەکانی ئاسیادا، بەهای دۆلاری ئەمەریکی لە بەرزترین ئاستی سێ مانگی ڕابردوودا جێگیر بوو، ئەمەش دوای ئەوەی بازرگانان هەڵسەنگاندنیان بۆ بڕیارە جیاوازەکانی بانکە ناوەندییەکان و ئاگربەستی کاتیی نێوان ئەمەریکا و چین کرد.
	
پێنوێنی دۆلار، کە بەهای دۆلار بەرانبەر شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت، لە ئاستی 99.478 خاڵدا جێگیر بوو.
	
بەرانبەر بە یەنی ژاپۆنی، بەهای دۆلار کەمێک دابەزی و گەیشتە 153.935 یەن، دوای ئەوەی داتاکان دەریانخست کە هەڵاوسان لە تۆکیۆی پایتەخت زیاتر لە پێشبینییەکان بەرزبووەتەوە.
	
شارەزایان پێیان وایە کە ئەم دۆخە وادەکات بازرگانان کەمتر چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە بانکی یەدەگی فیدراڵی (بانکی ناوەندیی ئەمەریکا) لە مانگی کانوونی یەکەمدا ڕێژەی سوود دابەزێنێت.
	
لە لایەکی ترەوە، یۆرۆ بەڕێژەیەکی کەم بەرانبەر بە دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 1.1572 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەورووپا بۆ سێیەم جار لەسەریەک ڕێژەی سوودی وەک خۆی هێشتەوە.
	
هەروەها دۆلار بەرانبەر بە یوانى چینى، دۆلارى ئوستڕاڵى و دۆلارى نیوزلەندا بە جێگیرى مایەوە.