هەناردەی نەوتی هەرێم زیاد دەکات و چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 225 هەزار بەرمیل

:: PM:02:13:31/10/2025 ‌
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هێڵی بۆریی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، لەسەر ئاستی 190 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە جێگیر بووە، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم بڕە بۆ نزیکەی 225  هەزار بەرمیل بەرزببێتەوە، ئەمەش دوای تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکی و لۆجستییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ هەینی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی شەفەق نیوز ڕای گەیاند، هەناردەکردنی ئەم بڕە نەوتە، ڕەنگدانەوەی جێگیربوونی کارەکان و باشتربوونی توانای پاڵپێوەنانە. زیادکردنی بڕەکەش بەشێوەیەکی قۆناغبەندی دەبێت، کاتێک هەموو ڕێکارە تەکنیکی و چاکسازییە لۆجستییەکان تەواو دەبن.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بەهۆی کێشەی  نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەولێرەوە ڕاگیرابوو. دەستپێکردنەوەی هەناردە، نیشانەیەکی گرنگە بۆ گەڕانەوەی هەرێم بۆ سەر ڕێڕەوی ئاسایی خۆی لە کەرتی نەوتدا و داهاتی دارایی بۆ کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش زیاد دەکات.


وشە - پۆڵا مەحموود