به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌فته‌كانی رابردوو، ئه‌م هه‌فته‌یه بازاڕی زێڕ ئارامه و هه‌رچه‌نده نرخی زێڕ كه‌مێك دابه‌زیوه، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه زۆره‌ی جارانی نییه و به‌گشتی نرخه‌كانی جێگیرن. هه‌ندێك ئاماری نوێ كه بڕیاره سبه‌ی چوارشه‌م له ئه‌مه‌ریكاوه بڵاو بكرێنه‌وه، ده‌توانێت كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر بازاڕی زێڕ هه‌بێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م له دووه‌م رۆژی هه‌فته‌ی نوێی بازاڕی بۆرسه، نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ به سێ هه‌زار و 986 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت، له‌م دوو رۆژه‌دا نزیكه‌ی 15 دۆلار له نرخی هه‌ر ئۆنسێك زێڕ دابه‌زیوه .
به‌گشتی ئه‌م مانگه بازاڕی زێڕ له چاو مانگه‌كانی ئهیلوول و تشرینی یه‌كه‌م ئارامه، چونكه له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌بووه له یه‌ك رۆژدا زێڕ 300 دۆلار به‌رز بووه‌ته‌وه و له كاتێكی تردا 300 دۆلار دابه‌زیوه، ئه‌مه‌ش بازاڕه‌كانی به ته‌واوی شڵهژاندبوو.
یه‌كێك له‌و پێشهاته نوێیانه‌ی كه له‌وانه‌یه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بازاڕه‌كان هه‌بێت، راگه‌یاندنی ئاماری نوێی كاره له ئه‌مه‌ریكا كه پێنوێنی نیشتمانیی كار له‌و وڵاته ده‌خاته روو و به ADP ناسراوه، پێشبینی ده‌كرێت سبه‌ی چوارشه‌م رابگه‌یه‌نرێت. ئاراسته‌كان ئه‌گه‌ر به‌ره‌و گه‌شه‌ی ئابووری و ره‌خساندنی زیاتری هه‌لی كار و په‌ره‌سه‌ندنی چالاكییه بازرگانی و ئابوورییه‌كان بێت، ئه‌وا نرخی زێڕ زیاتر داده‌به‌زێت و ئه‌گه‌ر ئاماره‌كان ده‌ره‌نجامی پێچه‌وانه‌یان هه‌بێت، ئه‌وا بازاڕی زێڕ دیسان به‌رز ده‌بێته‌وه.
هه‌فته‌ی رابردوو دوو رووداو كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بازاڕی زێڕ هه‌بوو، یه‌كه‌میان كۆبوونه‌وه‌ی ''فیدراڵ رێزرڤ'' یان بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا بوو كه وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا، كه‌مێكی تر رێژه‌ی سوودی بانكی نزم كرده‌وه. بانكه‌كه رێژه‌ی سوودی بانكی له 4% گه‌یانده 3.25%، ئه‌مه‌ش دووه‌م جاره له‌مساڵدا بڕیاری دابه‌زاندنی رێژه‌ی سوودی بانكی ده‌درێت، بڕیارێك كه كاریگه‌ریی هه‌یه له به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های زێڕ له بازاڕه‌كاندا.
ئه‌و ئه‌گه‌ره له ئارادایه له مانگی داهاتوویش بانكه‌كه بڕیارێكی تر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی سوودی بانكی بدات، هه‌رچه‌نده پێشبینییه‌كه لاوازه و ژماره‌یه‌ك له چاودێرانی دارایی گوتوویانه چیتر بانكه‌كه رێژه‌ی سوود كه‌م ناكاته‌وه.
مانگی رابردوو بڕیاره‌كه هۆكار بوو له‌وه‌ی نرخی زێڕ زیاتر به‌رز ببێته‌وه، له ژێر كاریگه‌ریی هه‌ندێك رووداوی تر به‌تایبه‌تی بارگرژیی بازرگانیی نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین، زێڕ به‌رزترین نرخ له مێژوودا تۆمار بكات. به‌رزترین نرخی زێڕ كه تا ئێسته تۆمار كرابێت، بۆ 20ی ئه‌م مانگه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌ر ئۆنسێكی گه‌یشته چوار هه‌زار و 381 دۆلار. نرخی ئێسته‌ی زێڕ له‌چاو دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر 300 دۆلار كه‌می كردووه
هه‌ر له هه‌فته‌ی رابردوودا رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و چین، كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌وه‌ی زێڕ چیتر به‌رز نه‌بێته‌وه و ئاراسته‌كه‌ی زیاتر رووی له دابه‌زین بێت.
زێڕ كاڵایه‌كی زۆر متمانه‌پێكراوه، بۆیه‌ش رووداوه سیاسی و بازرگانییه‌كان و پرسه‌كانی جه‌نگ و ئاشتی له دنیادا كاریگه‌ریی ده‌خه‌نه سه‌ر بازاڕه‌كه‌ی. له دۆخی پاشه‌كشه‌ی ئابووری و جه‌نگ و بێ متمانه‌یی بازاڕه‌كان وه‌به‌رهێنه‌ران زیاتر روو له كڕینی زێڕ ده‌كه‌ن، چونكه ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌پڕ سه‌رمایه‌كه‌یان له‌ناو بچێت.
به‌گوێره‌ی نوێترین نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، هه‌ر مسقاڵێك زێڕی عه‌یار 21 به 798 هه‌زار دینار، عه‌یار 18 به 685 هه‌زار دینار و عه‌یار 24 به 913 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، هه‌ر 100 دۆلاریش به 140 هه‌زار و 900 دینار ده‌ستنیشان كراوه.