وەزارەتی دارایی عێراق دامەزراندنی نوێی ڕەت كردەوە و دووپاتی كردەوە دەسەڵاتیان نییە

:: AM:09:19:07/11/2025 ‌
وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 11ی نۆڤێمبەری 2025، ئەو هەواڵانەی ڕەت كردەوە كە لە هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا سەبارەت بە بوونی دامەزراندن یان كردنەوەی میلاكی نوێی وەزیفی لە ئێستادا بڵاو كراونەتەوە.

وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە،  دووپاتی كردەوە كە هیچ دەسەڵاتێك بۆ دامەزراندنی ژمارەی نوێ یان بەكارهێنانی میلاكی وەزیفی زیاتر لە دەرەوەی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیدا هاتووە، بوونی نییە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، هیچ لایەنێكی حكوومی دەسەڵاتی دروستكردنی میلاك یان گرێبەستی نوێی نییە، جگە لەو 150 هەزار پلە وەزیفییەی كە بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك دابەش كراون و دووپاتیشی كردەوە كە ئەوانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2023دا دامەزراون و كار پێكردنیان بە شێوەیەكی كۆتایی پێ هاتووە.

لە بەیاننامەكەدا، وەزارەتی دارایی داوای لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتییان كرد كە زانیارییەكان لە سەرچاوە فەرمییە باوەڕپێكراوەكانەوە وەربگرن و بەدوای ئەو هەواڵە نادروستانەدا نەچن كە ئامانجیان چەواشەكردنی ڕای گشتییە.

پێشتر لە مانگی ئابی ڕابردوودا، مستەفا جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە هاووڵاتییانی عێراق كردبوو باوەڕ بە بەڵێنی هیچ كام لە بەربژێرانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو نەكەن كە پەیوەستن بە دامەزراندن و مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتییەوە.

سەنەد لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "فەیسبووك" ڕوو لە عێراقییەكان گوتی: هەر بەربژێرێك (...) بەڵێنی دامەزراندن و چاودێری و ئیستسنای بە گەنجان دا، باوەڕی پێ مەكەن، ئێمە ناتوانین هیچ كام لەوانە دابین بكەین، نە پێش هەڵبژاردن و نە دوای هەڵبژاردن.

بڕیارە هەڵبژاردنی یاسادانان لە عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت، مافی دەنگدانی بۆ نزیكەی 30 ملیۆن هاووڵاتی لە كۆی 46 ملیۆن دانیشتووان هەیە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێدا، بەڵام نزیكەی حەوت ملیۆن كەس بەهۆی نەبوونی كارتی دەنگدانەوە كە لە ئەنجامی نوێ نەكردنەوەی زانیارییەكانیانەوەیە، لە بەشداریكردن بێبەش دەبن.


وشە - پۆڵا مەحموود