قه‌یرانی بێئاوی له هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ی تاران ده‌ستی پێ كردووه، له شه‌وانی رابردوو زۆربه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه بۆ ماوه‌ی چه‌ندان سه‌عات بێ‌ئاو بوون.
میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووه‌ته‌وه، دابه‌شكردنی ئاو له تاران ماوه‌یه‌كه به كاته و له شه‌و و رۆژێكدا چه‌ند سه‌عاتێك خه‌ڵك بێ‌ئاو ده‌بن.
له به‌شێك له‌و گه‌ڕه‌كانه به بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئاگادار بكرێنه‌وه، ئاو پچڕاوه و تا به‌ره‌به‌یان ئاویان نه‌بووه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی زۆر خراپی خستووه‌ته سه‌ر ژیانی خه‌ڵك.
له تاران و ته‌واوی شاره‌كانی ئێران ماڵه‌كان تانكه‌ریان نییه و هه‌ر له سیستمی بیناسازی ئێران تانكه‌ر جێی بۆ نه‌كراوه‌ته‌وه و هه‌ر كاتێك ئاوه‌كه پچڕا، ئه‌وا هیچ ئاوێكیش له ماڵه‌كه نامێنێت تا بۆ هه‌ندێك مه‌به‌ستی وه‌ك پاكوخاوێنی به‌كار بهێنرێت.
به‌رپرسانی ئێران و له سه‌رووی هه‌موویان مه‌سعوود پزیشكیان، به راشكاوی باسی له قه‌یرانه‌كه كردووه و ته‌نانه‌ت له رۆژانی رابردوودا گوتبووی ئه‌گه‌ر باران نه‌بارێت، ئه‌وا ده‌بێت تاران چۆڵ بكرێت و بۆ شوێنێكی تر بگوازرێته‌وه.
پێرێ پێنجشه‌م مه‌هدی مه‌قسوودی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی كه‌ره‌ج، هۆشداریی دابوو له ته‌واوبوونی ئاوی به‌نداوه‌كه و گوتبووی، ته‌نیا به‌شی 15 رۆژی تر ئاویان ماوه و له‌و 180 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوه‌ی كه‌ره‌ج، ته‌نیا 7%ی پڕه.
ئه‌و روونی كرده‌وه، هه‌ر چركه‌یه‌ك دوو مه‌تر سێجا ئاو ده‌ڕژێته به‌نداوی كه‌ره‌ج، له كاتێكدا شه‌ش مه‌تر سێجا ئاو به‌مه‌به‌ستی خواردنه‌وه به‌رده‌درێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستیی دانیشتووانی كه‌ره‌ج و تاران دابین بكات.
هه‌موو ئومێدێكی ئه‌و به‌رپرسه‌ی كه‌ره‌ج و به‌رپرسانی تری ئێران ئه‌وه‌یه، له رۆژانی داهاتوودا بارانێكی باش له باكوری ئێران ببارێت و به‌شێك له‌و كه‌مییه قه‌ره‌بوو بكاته‌وه و هه‌ناسه‌یه‌ك به به‌نداوه‌كه ببه‌خشێت.
ئێسته كۆی ئه‌و ئاوه‌ی له به‌نداوی كه‌ره‌ج گل دراوه‌ته‌وه، 31 ملیۆن مه‌تر سێجایه، له كاتێكدا ساڵی رابردوو له‌م كاته‌دا 81 ملیۆن مه‌تر سێجا بوو، ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌یه ئاوه‌كه‌ی زیاتر له 50% كه‌می كردووه.