كەشتییەك برنجی ئەمەریكی گەیشتە عێراق و لە بەشەخۆراكدا دابەش دەكرێت

:: AM:11:13:10/11/2025 ‌
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕای گەیاند، كەشتییەك بە بارێك برنجی ئەمەریكییەوە گەیشت و بڕیارە لە چوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگاندا دابەش بكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی تشرینی دووەم، كۆمپانیای گشتیی بازرگانی خۆراك سەربە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕای گەیاند، كەشتی  (MV WESTERN TOKYO)گەیشتە ئاوە هەرێمییەكان كە 44 هەزار تۆن برنجی ئەمەریكیی بار كردووە.

لەما مووسەوی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بازرگانی خۆراك ڕای گەیاند، تیمی پشكنینی تاقیگەیی لە بەندەری ئوم قەسر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی كۆنترۆڵی جۆری، دەستیان بە وەرگرتنی نموونەی بارەكە كردووە، بۆ ئەوەی پشكنینی فیزیكی بكرێت و پاشان بنێردرێن بۆ تاقیگەی ناوەندی بۆ ئەنجامدانی پشكنینی كیمیایی و بایۆلۆجی، بە مەبەستی دڵنیابوون لە گونجاوییان لەگەڵ پێوەرە ستانداردەكان و شیاوبوونیان بۆ بەكارهێنانی مرۆیی.

مووسەوی ئاماژەی بەوەش دا، پرۆسەی دابەشكردنی برنجەكە بەپێی پلانێكی كۆمپانیاكەیان بەڕێوە دەچێت، بە جۆرێك كە گەیشتنی مادەكە بە هاووڵاتییان لە چوارچێوەی سەبەتەی خۆراكدا بەشێوەیەكی ئاسان و بێ هیچ دواكەوتنێك مسۆگەر بكات.



وشە - سۆران عەزیز