گفتوگۆی عێراق و توركیا بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی بۆری نەوت دەستی پێ كرد

:: PM:09:04:18/11/2025 ‌

دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو توركیا رای گەیاند كە گرێبەستی بۆری نەوتی عێراق- توركیا لە 2026 كۆتایی دێت و ئەوان نوێی ناكەنەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئەنقەرە بۆ رێككەوتنێكی نوێ لەسەر بۆرییەكە دەستی پێ كردووە.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق، دوێنێ دووشەم لە ئەنقەرە شاندی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی توركیا بۆ تاوتوێكردنی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی گواستنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیا كۆبوونەتەوە.

لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆیەكی زۆر لەبارەی رەشنووسی رێككەوتنی نوێ و چۆنیەتی پەرەپێدانی پڕۆژەكانی كەرتی وزە لە نێوان هەردوولا كرا، ئەوان دووپاتیان كردەوە كە گفتوگۆكان ئەرێنی بوونە و ئەو لێكگەیشتنانەی پێی گەیشتوون، هەنگاوێكی گرنگە بەرەو داڕشتنی رێككەوتنێكی نوێ هاوبەشی هەردوو وڵات بەهێزتر بكات و گەرەنتیی بەردەوامبوونی پرۆسەی گواستنەوەی نەوت و بەدیهاتنی بەرژەوەندییە هاوبەشە ستراتیجییەكانی هەردوولا بكات.

ئەمە و باسم محەمەد خزەیر بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ كاروباری بەرهەمهێنان سەرۆكایەتیی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەكرد و لە لایەن توركیاشەوە ئەحمەد برات چونكار بریكاری وەزارەتی سامانە سورشتییەكان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل