شاندێكی دارایی عێراق گەیشتە هەولێر

:: AM:11:22:03/12/2025 ‌
شاندێكی وەزارەتی دارایی عێراق و چاودێری دارایی گەیشتنە هەولێر، ئەمڕۆ دەستیان بەكار كردووە و بڕیارە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژ بمێننەوە، سەردانی بەشێكی زۆری وەزارەتەكان دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە ئێوارەی دوێنێوە شاندێكی وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەولێرن، ئامانجیشیان وردبینییە لە خەرجی و داهاتی هەشت مانگ.

هاتنی شاندەكە لە كاتێكدایە سەرەتای ئەمساڵ و لە مانگی دوو، هەمان شاند سەردانی هەولێریان كرد و دڵنیاییان دا لە پاكی و راستیی راپۆرتەكانی هەرێمی كوردستان لە خەرجی و داهات.

شاندەكە ماوەی 10 بۆ 20 رۆژ لە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، پێداچوونەوە بە لیستەكانی داهات و خەرجییەكانی سێ مانگی دووەم و هەشت مانگی ڕابردووی هەرێمدا دەكەن.

پێشتر ئەو شاندە بۆ تەواوكاری وردبینییەكان لە جێبەجێكردنی بودجەی 2025ـی عێراق پێكهێنراون، بەگوێرەی یاسای بودجەش، پێویستە لیژنەیەكی پسپۆڕی هاوبەش لە هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و فیدراڵ پێكبهێنرێت. ئەركی سەرەكیی لیژنەكە ئامادەكردنی ڕاپۆرتی وەرزییە لەسەر داتاكانی داهات و خەرجیی هەرێم.



وشە - رامیار جەواد