نرخی زەویی فەرمانبەرانی هەولێر گەیشتە 50 هەزار دۆلار

:: AM:09:22:06/12/2025 ‌
دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران بەردەوامە و تا ئێستە لەناو شاری هەولێردا، 29 هەزار فەرمانبەر لە كۆی 80 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە. "وشە" نرخی گرانترین زەوی و هەرزانتریانیان بڵاو دەكاتەوە.

27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون. بەپێی رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر فەرمانبەرێك بەپیی شوێنی نیشتەجێبوونی یان كارتی زانیاری 200 مەتر زەوی وەردەگرێت.

حاجی سەربەست خاوەنی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی زەوی لە گەرەكی ژیان، بۆ "وشە" رای گەیاند، گەڕەكەكانی ژیان و ئاشۆكان و بەحركە، باشترین شوێنن و زەوییەكانیان گرانە.

زیاتر گوتی: لە گەڕەكی ژیان نرخی هەر زەوییەكی 200 مەتری كە دراوە بە فەرمانبەران، ئێستە زیاترە لە 50 هەزار دۆلار. 

لەلایەكی ترەوە بەشێكی تر لە زەویی فەرمانبەرانی هەولێر كەوتوونەتە ئەو شوێنانەی كە پارەیەكی كەم دەكەن، وەك گەڕەكەكانی خرابەدراو و سەیدان كە ئەمانەش دراون بەفەرمانبەرانی ناوشاری هەولێر.

بەگوتەی نووسینگەكانی هەردوو گەڕەكی خرابەدراو و سەیدان، نرخی ئەو زەوییانەی فەرمانبەران لەو گەڕەكانەدا وەریانگرتووە، ئێستە تەنیا هەشت هەزار دۆلار دەكەن.

نووسینگەكانی بنەسڵاوە و كەسنەزان، بە "وشە"یان راگەیاند، لە رۆژانی پێشوو شارەوانی ناوی بەشێك لە فەرمانبەرانی سنووری بنەسڵاوە و دارەتوو و كەسنەزانی راگەیاند، لەم سێ شوێنەش زەوییەكان نرخیان دەگاتە دوو بۆ سێ هەزار دۆلار.

مەریوان هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر لەمبارەیەوە هۆشداریی  لەبارەی فرۆشتنی زەویی فەرمانبەران دا و گوتی: پێویستە فەرمانبەران و خاوەن نووسینگەكان ئاگاداربن تا زەوییەكە نەكرێتە كارت و كارتەكە بە خاوەنەكەی نەدرێتەوە،  مامەڵەی پێوە نەكەن، چونكە نایاساییە و دواتر تووشی كێشە دەبن.



وشە - سۆران عەزیز