وردبینی بۆ داهات و خەرجییەكان دەستی پێ‌ كردووە و 18 رۆژی تر حیسابی ساڵ دادەخرێت

:: AM:11:35:06/12/2025 ‌
لیژنەكەی چاودێری دارایی عێراق لەگەڵ چاودێری دارایی كوردستان لە كاركردن بەردەوامن و سەردانی وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمڕۆ رۆژی شەموو كە پشووی فەرمییە لە كارەكەیان بەردەوامن.

ئەمڕۆ شەموو شەشی كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، لیژنەكەی چاودێری دارایی عێراق ئەمڕۆش لە كاركردن بەردەوامن و بەنیازن تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو كۆتایی بە كارەكانیان بهێنن.

ئەوەش زانراوە كە راپۆرتی كۆتایی بەرز دەكرێتەوە، لە هەمان كاتدا ئەو وردبینییەی هەیانبوو لە مانگی سێ‌ كردبوویان، بۆ كۆتایی ساڵ تەواوی دەكەن.

هاوكات ئێستە 14 رۆژ كات ماوە لە خەرجی كە حیسابی كۆتایی ساڵ لە 24ـی كانوونی یەكەم دادەخرێت، بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات پێش ئەو كاتە خەرجی كۆتایی پێ بهێنێت و مووچە دابەش بكرێت.

لە هەرێمی كوردستانیشدا لیستی مووچەی مانگی 10 نێردراوە بۆ عێراق، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو هەرێمی كوردستان بڕی 120 ملیار دینار بخاتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كە ئەوەیش رێكاری تەواوكاری مووچەیە.
  



وشە - رامیار جەواد