دابەزینی نرخی نەوت چۆن كار لە عێراق دەكات؟

:: PM:09:32:07/12/2025 ‌

لە سایەی ئەو كێشانەی هەن و ئەگەری پەرەسەندنەكان، یەكێك لە پێشبینییەكان دابەزینی نرخی نەوتە لە دنیا، لەوانە ئەگەر شەڕی رووسیا و ئۆكراینا بوەستێت، عێراق یەكێكە لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوت لە دنیا، جیا لەوەی یەدەگێكی گەورەی نەوت و غازی هەیە، بۆیە نەوت سەرچاوەی سەرەكیی بودجەی ساڵانەی عێراقە، هەر ئەوەش وای كردووە هەر دابەزینێكی نرخی نەوت كاری تێ بكات.

سەڵاح نووری شارەزای ئابووری دەڵێت، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكان چوار گاریگەری لەسەر عێراق دروست دەكات، یەكەمیان زیادبوونی كورتهێنانی بودجەی گشتی بەهۆی دابەزینی بۆ كەمتر لەو نرخەی لە بودجەكە خەمڵێندراوە، دووەم كەمبوونەوەی ئەو بڕە پارەی بۆ بودجە دێت و بۆ بودجەی بەكارخستن و وەبەرهێنان پێویستە، ئەوەش رێگری لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەكات.

روونی كردەوە، كاریگەریی سێیەم بریتییە لە نرخی دۆلار، لەوكاتەی نرخی فەرمیی دۆلار لە وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی جێگیرە دەمێنێتەوە، بەڵام نرخەكەی لە بازاڕ پێوەندیی بە خواست و خستنەڕوو هەیە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو بازرگانانەی پشت بە حەواڵەی بانكی نابەستن، چوارەم كاریگەری بریتییە لە چوونەوەیەكی ئابووریی بازاڕەكان بەهۆی كەمی پارەی تەرخانكراو لە بودجە بۆ وەبەرهێنان، هەروەها مەترسیی هاووڵاتییان لە قووڵبوونەوەی زیاتری تەنگژەی ئابووری، بەوەی كڕین و فرۆشتن و مامەڵە دارییەكان كەم دەبنەوە.

نووری پێی وابوو هۆكاری ئەوەش پشتبەستنی بودجەی عێراقە تا ئاستێكی زۆر بە داهاتی فرۆشتنی نەوت، كە وای كردووە بە هەڵبەزین و دابەزینی نرخی نەوت كاریگەر بێت و ئەوەش پێویست دەكات حكوومەت رێوشوێنی بەپەلە وەربگرێت بۆ سووككردنی كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل