نزیكەی هەشت هەزار كەمئەندامی سەنگەر كە پێشتر سەربە یەكەكانی حەفتا و هەشتا بوون، مووچەی مانگی نۆیان پێ نەدراوە، بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" مووچەكانیان نافەوتێت.
مەهدی عومەر كەمئەندامێكی سەنگەری سەربە یەكەی هەشتایە، بۆ "وشە" گوتی، ئەم مانگە مووچەی هەموو كەمئەندامانیان راگرتووە و پێشیان نەگوتین هۆكارەكەی چییە.
ئەو داوای لە "وشە" كرد بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە بكات تا هەموو كەمئەندامان دڵنیابن مووچەكانیان چیی بەسەر دێت.
لەمبارەیەوە فەتحوڵا عومەر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە رای گەیاند، "دۆسیەی سەرجەم ئەو كەمئەندامانەی سەنگەر گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی دارایی، لەمەودوا بەشێوەیەكی رێكتر مووچەكانیان وەردەگرن".
باسی لەوەش كرد، ژمارەی ئەوانەی مووچەكەیان گواستراوەتەوە وەزارەتی دارایی، نزیكەی هەشت هەزار كەمئەندامی سەنگەرن.
ئەوەشی راگەیاند، سێ مانگە پێ دەچێت تا ئەو مامەڵەیە دەكەوێتە سەر سكەی خۆی و وەزارەتی دارایی لە بانكەكان مووچەكانیان بۆ دەبەستێت.
ئاماژەی بەوە دا، دوای ئەو سێ مانگە ئیتر مووچەكانیان دەكەوێتە سەر دارایی و مووچەی هەرسێ مانگەكەش وەردەگرنەوە و دڵنیابن هیچی نافەوتێت.