بودجەی داهاتووی عێراق 80 ترلیۆن دینار كورتهێنانی دەبێت

:: PM:10:20:08/12/2025 ‌

بە دداننانی شارەزایان دۆخی دارایی عێراق باش نییە، ئەوەش وای كرد كە ساڵی 2025 بودجەی نەبێت و پلەبەرزكردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەران و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دامەزراندن بوەستێت، شارەزایەكی ئابووری پێشبینی دەكات بۆ ساڵی داهاتوو عێراق رووبەڕووی تەنگژەیەكی قووڵتری دارایی ببێتەوە.

ئەحمەد سەدام شارەزای ئابووری گوتی، پێشبینی دەكرێت بۆ 2026 عێراق دووچاری تەنگژەیەكی قووڵتری دارایی ببێتەوە، ئەوەش بەهۆی پشتبەستنی بە داهاتی نەوت، كە بەپێی راپۆرتەكان ئەگەری هەیە نرخەكەی بگاتە 55 بۆ 65 دۆلار بۆ بەرمیلێك، هیچ چارەسەرێكی بەپەلە و كورتخایەنیش بۆ تەنگژەكە نییە.

روونی كردەوە، حكوومەت دەتوانێت هەندێك خەرجی زیاد كەم بكاتەوە، وەك بودجەی سێ سەرۆكایەتییەكە، جیا لە زیادكردنی داهات لە رێگەی باج و گومرگ و رێگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەوانە دەتوانن رێژەی كورتهێنان لە بودجە كەم بكەنەوە، ئاشكرای كرد، ئەگەر بودجەی 2026 هاوشێوەی بودجەی 2024 بێت، كە قەبارەكەی 210 ترلیۆن دینار بوو، ئەگەری هەیە كورتهێنان بگاتە 70 بۆ 80 ترلیۆن دینار.

سەدام دووپاتی كردەوە ئەوەش وا لە حكوومەت دەكات تەنیا سەرنج بخاتە سەر خەرجییەكانی حاكیمە، وەك مووچە و چاودێریی كۆمەڵایەتی و خەرجییە پێویستەكانی بەكارخستن، لەسەر حیسێبی خەرجی وەبەرهێنان، كە پێشبینی دەكرێت زۆر كەم ببێتەوە، لە حاڵەتی حكوومەت پەنا بۆ سیاسەتی دەستگرتنەوە و كەمكردنەوەی پارەی پارێزگاكان و خەرجی سێ سەرۆكایەتییەكە ببات، رەنگە كورتهێنان بگاتە دەوروبەری 65 ترلیۆن دینار، بەڵام هێشتا هەر زۆرە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل