داوای هاوتاكردنی مووچە لە بەغدا كراوە

:: PM:01:11:09/12/2025 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رای دەگەیەنێت، داوامان ئاراستەی حكوومەتی فیدراڵ كردووە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنیی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ بەغدا هاوتا بكرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی كانوونی یەكەم، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لەگەڵ حكوومەتی ناوەند لە گفتوگۆداین و داوامان ئاراستە كردووە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنیی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ بەغدا هاوتا بكرێتەوە. 

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو داواكارییە، پێویستە فەرمانبەرانی مەدەنیی ئێمەش هاوشێوەی هێزە سەربازییەكان، مووچە و دەرماڵەیان بۆ هەژمار بكرێت و جیاوازییەكە نەهێڵرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو داواكارییەی ئێمە پشت ئەستوورە بەوەی لە مانگی دووی ساڵی رابردوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و عێراق هاوتا بێت.

 یەكێك لە كێشە دیارەكانی مووچەخۆران، جیاوازیی زۆری دەرماڵەیە لە نێوان هەردوو حكوومەتدا؛ بەتایبەت لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، فەرمانبەران و كارمەندان بەهۆی مەترسیی پیشەكەیانەوە دەرماڵەی زۆر وەردەگرن، بەڵام فەرمانبەرانی مەدەنیی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەو ئیمتیازاتە بێبەشن.



وشە - رامیار جەواد