حكوومه‌تی ئێران پێشتر به دوو نرخ به‌نزینی به خه‌ڵك ده‌فرۆشت كه به نرخی پاڵپشتیكراو ناسراوه، له‌مڕۆوه نرخی سێیه‌می زیاد كرد كه له چاو نرخه‌كانی پێشوو دوو هێنده گرانتر بووه.
پێشتر هه‌ر لیترێك به‌نزین له ئێران به هه‌زار و 500 تمه‌ن و سێ هه‌زار تمه‌ن ده‌خرایه روو، به‌ڵام ئه‌مجاره به نرخی پێنج هه‌زار تمه‌ن به‌و كه‌سانه‌ی ده‌دات به‌نزینی هه‌رزان به‌شیان ناكات و ده‌بێت به نرخێكی گرانتر دابینی بكه‌ن.
هه‌ر ئۆتۆمبێلێك له ئێران پشكی تایبه‌ت به‌خۆی بۆ دیاری كراوه كه مانگانه 160 لیتره، تا 60 لیتر به هه‌زار و 500 تمه‌ن پێی ده‌فرۆشرێت و ئه‌گه‌ر له‌م بڕه زیادی كرد، ئه‌وا تا 160 لیتر له مانگێكدا به سێ هه‌زار تمه‌ن پێی ده‌فرۆشرێت و له‌مه‌ش زیادی كرد، ئه‌وا به نرخی پێنج هه‌زار تمه‌ن ساغ ده‌كرێته‌وه.
ئه‌و به‌نزینه‌ی له ئێران دابین ده‌كرێت، به به‌نزینی یارانه‌یی یان پاڵپشتیكراو ناسراوه و گوته‌بێژی حكوومه‌تی ئێران رای گه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ده‌ستی پێوه بگرن، به‌شیان ده‌كات و ناچار نین به گرانتر دابینی بكه‌ن.
كێشه‌كه بۆ دانیشتووانی ئێران ئه‌وه‌یه ئه‌و نرخه پاڵپشتیكراوه ته‌نیا بۆ یه‌ك ئۆتۆمبێله و ئه‌گه‌ر خێزانێك دوو ئۆتۆمبێلی هه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێت به نرخی سێیه‌م به‌نزینه‌كه بكڕێت و به‌پێی ئاماره‌كانی ئێران له‌و وڵاته زیاتر له سێ ملیۆن كه‌س زیاتر له ئۆتۆمبێلێكیان هه‌یه.
ئێران ماوه‌یه‌كه له به‌نزیندا كێشه‌ی هه‌یه و ناتوانێ پێداویستییه‌كانی دابین بكات و ته‌نانه‌ت حه‌وجێی هاورده بووه. چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیری نه‌وتی ئێران گوتی، به‌نزین هاورده ده‌كه‌ن و به نرخی ئازاد ده‌یفرۆشن.
موحسین پاكنه‌ژاد وه‌زیری نه‌وتی ئێران گوتبووی، به‌مزووانه به‌نزینی سوپه‌ر ده‌خه‌نه روو كه به‌نزینێكی هاورده‌یه، هیچ پێوه‌ندیی به‌و به‌نزینانه نییه كه به كۆبۆن و نرخی پاڵپشتی دابه‌ش ده‌كرێن.
ئه‌و روونی كرده‌وه، ئه‌و جۆره به‌نزینه به ئازاد ده‌فرۆشرێت و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه نرخی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ی به‌رزه، به نرخی زیاتر له 50 هه‌زار تمه‌ن بۆ هه‌ر لیترێك ده‌خرێته روو كه نزیكه‌ی نیو دۆلاره.
له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا ئێران هیچ پاڵاوگه‌یه‌كی نوێی بنیات نه‌ناوه، له كاتێكدا به‌كاربردنی به‌نزین زیادی كردووه، جگه له‌مه به‌های تمه‌نیش به‌رده‌وام رووی له دابه‌زین بووه و هه‌ڵاوسان هاتووه‌ته كایه‌وه.
هاوینی رابردوو مه‌سعوود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران، مۆڵه‌تی به كۆمپانیاكان و بازرگانان دا به‌نزین له ده‌ره‌وه هاورده بكه‌ن.
عه‌باس یه‌لان به‌ڕێوه‌به‌ری بازرگانیی كۆمپانیای نیشتمانیی پاڵاوتن و دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كانی نه‌وت باسی له‌وه كرد، پێنج مۆڵه‌تی هاورده‌كردنی به‌نزین به كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت دراوه.
ئه‌و ئاماژه‌ی داوه كه ئۆتۆمبێله مۆدێل باڵاكان، پێویسته له‌و جۆره به‌نزینه دابین بكه‌ن و قسه‌كه‌ی وا ده‌رده‌خات كه هیچ ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل باڵا، مافی كۆبۆن و وه‌رگرتنی به‌نزینی هه‌رزانی نابێت.
حكوومه‌تی ئێران هیچ ئامارێكی وردی به‌رهه‌مهێنان و به‌كاربردنی به‌نزینی نه‌خستووه‌ته روو، به‌ڵام ساڵی رابردوو سه‌رۆك كۆماری ئێران گوتبووی، حكوومه‌ت بایی هه‌شت ملیار دۆلار به‌نزینی هاورده كردووه و دواتر به نرخی كه‌متر دابه‌شی كردووه.
شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ساڵی 2019دا گرانكردنی نرخی به‌نزین له ئێران، بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵك كه دواتر ته‌واوی ئێرانی گرته‌وه، حكوومه‌ت به كوشتنی هه‌زاران كه‌س و زه‌بروزه‌نگ و هێزه‌وه توای كۆنترۆڵی بكات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵاوسان هاتووه‌ته كایه‌وه و نرخی تمه‌ن دابه‌زیوه، حكوومه‌ت له‌و كاته‌وه نه‌یوێراوه ده‌ستكاری نرخی به‌نزین بكات و دوای مشتومڕێكی زۆر، ده‌ستكاریی نرخی به‌نزینی پاڵپشتیكراوی كردووه كه پێنج هه‌زار تمه‌نه بۆ هه‌ر لیترێك، پێشبینی ناكرێت هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی به‌دواوه بێت، چونكه به‌نزین هێشتا له كاڵا هه‌ره ههرزانهكانه كه له ئێران دابین ده‌كرێت.