تەنگژەی دارایی عێراق چۆن چارەسەر دەبێت؟

:: PM:08:37:16/12/2025 ‌

لەوكاتەی عێراقییەكان بە دۆزینەوەی كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران سەرقاڵن، شارەزایانی ئابووری و دارایی وریایی لە خراپیی دۆخی عێراق دەدەن، بەوەی ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیە لە دابەزین بەردەوام بێت و كێشەی سیولەی دینار چارەسەر نەبێت، عێراق تا ئاستی بێتوانایی لە دابینكردنی مووچە تووشی تەنگژە دەبێتەوە، ئەوەش وای لێ دەكات پەنا بۆ هەندێك رێوشوێنی نەخوازراو ببات.

لەو رێوشوێنانەی هەندێك لە شارەزایان مەترسیی خۆیان لە پەنابردنی عێراق بۆی دەربڕیوە، گرانكردنی نرخی دۆلار و كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران یان دواخستنیەتی، رەنگە بڕیارەكانی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووریی عێراق بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات سەرەتا بن، لەوبارەوە محەمەد بەیاتی پەرلەمانتاری پێشوو چەند رۆژێكە بابەتێك دەخاتە میدیاكانەوە سەبارەت بە دۆخی دارایی عێراق، لەوانە كەمكردنەوەی مووچە و گۆڕینی نرخی دۆلار.

بەیاتی گوتی، پەنابردنی حكوومەتی نوێی عێراق بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار بۆ زیادكردنی داهات و پڕكردنەوەی كەموكورتییەكانی هەن ئەگەرێكی دوورە، ئاشكرای كرد عێراق بە كردەنی لەناو تەنگژەی كەمیی سیولەیە، لە چەند مانگی رابردوو بە روونی بەدیار كەوتووە و تەنگژەیەكی راستەقینەیە، چارەسەركردنیشی پێویستی بە پلان و نەخشەرێگەیەكی تۆكمە و روون لە لایەن حكوومەتی نوێ بۆ زیادكردنی داهاتی دەوڵەت هەیە.

روونی كردەوە، چارەسەر ئەوە نییە نرخی دۆلار بەرز بكرێتەوە، چونكە كاریگەریی بڕیارێكی لەو شێوە لەسەر بازاڕ سەخت دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و كاڵاكان، ئەوەش نەهامەتیی هاووڵاتییان زیاتر دەكات، بەڵكو دەبێت حكوومەت داهاتی كەرتە نانەوتییەكان زیاتر بكات و شوێنگرەوە بۆ نەوت بدۆزێتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل