پارەی جووتیاران بۆ گەنم گەیشتووە، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رای دەگەیەنێت، سبەی دەست دەكەین بە دابەشكردنی پارە.
ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی كانوونی یەكەم، میران بەختیار بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، جووتیاران ئاگادار دەكەینەوە سبەی پێنجشەم دابەشكردنی چەكی جوتیاران دەست پێ دەكات لە زنجیرە (4) تا زنجیرەی (780)، كە گەنمەكانیان رادەستی سایلۆی هەولێر كردووە، پارەكانیان لە بانكی TBIوەردەگیرێت.
زیاتر گوتی، هەموو ئەو جووتیارانەی كە زنجیرەكانیان لە نێوان ئەو دوو ژمارەیەی سەرەوەیە، دەتوانن سەردانی سایلۆ بكەن جا گەنمەكانیان لە سەروو یان خوار 50 تۆن بێت.
باسی لەوەش كرد، ئەو كەسەی چەكی بەناوە دەبێت خۆی ئامادە بێت، یان بریكارنامەی (وەكالە) پەسندكراوی ئەمساڵ بێت، ئەگەر خاوەن چەك وەفاتی كردبێت، دەبێت دابەشنامەی (شەرعی یان یاسایی) بهێنێت لەگەڵ بریكارنامەی گشت واریسەكان.
ئەوە لە كاتێكدایە رۆژی پێنجشەمی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق بڕێك پارەی گەنمی جووتیارانی خەرج كرد، لەو بڕە 24 ملیار دینار بۆ جووتیارانی كوردستان بوو.