گەندەڵییەكی گەورە لە وەزارەتی كاری حكوومەتەكەی سوودانی ئاشكرا بووە، 380 هەزار خێزان بە "نایاسایی" مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتییان بۆ بڕاوەتەوە.
لیژنەیەك لە وەزارەتی كاری حكوومەتەكەی سوودانی پێكهات و توانیان لە ماوەیەكی كەمدا، 380 هەزار كەس كە بەنایاسایی مووچەیان بۆ بڕابووەوە ئاشكرا بكەن و رایان گەیاند، زیاتر لە 14 هەزار كەسیش سەرەڕای ئەوەی باری داراییان باشە، مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی وەردەگرن.
لیژنە پاكسازییەكەی وەزارەتی كاری حكوومەتی عێراقی فیدراڵ رای گەیاند، توانیویانە زیاتر لە 380 هەزار خێزان ئاشكرا بكەن كە سەرپێچیكارن و بە نایاسایی مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی وەردەگرن. دووپاتیشی كردەوە كە 14 هەزار و 562 كەسیان لە كەرتی تایبەت یان ئەو كەسانەن باری داراییان باشە.
حەسەن خەوام گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، وەزارەتەكەیان یەكەم وەزارەتە كاری لەسەر بە ئەلیكترۆنیكردن كردووە، ئێستە تۆڕەكەیان بەستراوەتەوە بە هەریەك لە وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا، پەروەردە، تەندروستی (بەشی مردووان) و بانكەكانەوە.
بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، هەشت هەزار و 500 كەس لە كەرتی تایبەت كار دەكەن و دەستەبەری كۆمەڵایەتییان هەیە.